ئیدارەی ترەمپ تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەدات سەبارەت بە ڕاگرتنی باج

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئیدانەی دادوەرەکانی کرد و گوتی: دادوەرە هەڵنەبژێردراوەکان، توانای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی نیشتمانییان نییە. ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگا کە باج خستنە سەر ئەو کاڵانەی کەهاوردەی ئەمەریکا دەکرێن، پوچەڵ کردەوە.
کوش دێسای، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا ئەمەریکا بکاتە پێشەنگ و پێشی بخات، ئیدارەی ئەمەریکاش پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە و گەڕاندنەوەی گەورەیی و سەروەری ئەمەریکا.
ئەم وتانە دوای ئەوە هات کە دادگایەکی ئەمەریکی تایبەت بە پرسەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیارێکی دەرکرد کە باجی سەدا 10ـی "بەرامبەر"ی لەسەر هەموو کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ ئەمەریکا پووچەڵ کردەوە.
دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا بڕیاری دا و گوتی: تەنیا کۆنگرێس دەسەڵاتی سەپاندنی ئەو جۆرە باجانەی هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە "سەرۆک ناتوانێت بانگەشە بۆ یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 1977 بکات، بۆ سەپاندنی باجی زیادەی بێسنوور لەسەر ئەو بەرهەمانەی کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەموو وڵاتێکەوە هاوردە دەکرێن."
دادگاکە لە بڕیارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە "یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێگە بە سەرۆک دەدات سزای ئابووریی پێویست لە حاڵەتێکی نائاساییدا بسەپێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەیەکی نائاسایی."
لە بڕیارەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو فەرمانە جێبەجێکردنانەی ترەمپ لە 2ـی نیساندا ئیمزایان کردووە، کەمترین باجی لەسەدا 10، لەسەر هەموو ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن بۆ ئەمەریکا دەسەپێنن و دەتوانێت بگاتە لەسەدا 50، بەپێی وڵاتی هەناردەکار. ئەو دەسەڵاتە زیاترە کە بەپێی یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆک دراوە بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی باجەوە.