نیویۆرک ڕێگە دەدات پارەی خزمەتگوزاریی گشتیی بە 'بیتکۆین' بدرێت

سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی شارەکە بەنیازن ڕێگە بە هاووڵاتیان بدەن پارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە بیتکۆین بدەن و مووچەکانیشیان بەو دراوە وەربگرن، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی پەرەپێدانی دراوی دیجیتاڵی لە ژیانی ڕۆژانەدا.

ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک لە پەراوێزی کۆنفرانسی بیتکۆین 2025، لە لاس ڤێگاس ڕایگەیاند "هەنگاوی سادە هەیە کە دەتوانین لەناو شارەکەدا بیگرینەبەر بەبێ ئەوەی پێویست بە ڕێسای زیادە بکات، لەوانە ڕێگەدان بە خەرجکردنی پارەی کارەبا و ئاو بە بەکارهێنانی بیتکۆین، هەروەها وەرگرتنی مووچە بە هەمان شێوە، وەک ئەوەی من بە شێوەیەکی کەسی کردوومە." ئاماژەی بەوەش کرد بەم زووانە پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک گوتیشی: بەرپرسانی شارەکە سەرەتا لەو بژاردانەی کە لەبەردەستدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکۆڵنەوە، دواتر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ویلایەت و فیدراڵی هەماهەنگی دەکەن، دەشڵێت: هاوبەشێکی باش لەسەر ئاستی فیدراڵی پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە دەکات.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، فەرمانی جێبەجێکردنەکەی ئیمزا کرد، کە "یەدەگی ستراتیجیی بیتکۆین"ی دامەزراند، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی ئەمەریکایە لە کەرتی دراوی کریپتۆدا.

کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە کە ئەم یەدەگە، لە ڕێگەی ئەو سامانە دیجیتاڵییانەی کە لە دۆسییە تاوانکاری و مەدەنییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی وەک سامانی یەدەگی درێژخایەن بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بفرۆشرێت. هەروەها ڕێگە بە ستراتیجییەکانی کڕینی بیتکۆینی زیاتر دەدات بەبێ ئەوەی تێچووی زیادە بەسەر باجدەران بسەپێنێت.

ئیستا نرخی هەر بیتکۆینێک لە بۆرسەکانی دراوی دیجتاڵیدا، بە زیاتر لە 107 هەزار دۆلارە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment