ئێران ڕەتی دەکاتەوە بەم نزیکانە لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوێت

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ ئەمەریکا نزیک بن لە ڕێککەوتن و دەڵێت: دڵنیا نیم بەڕاستی لە دۆخێکی وا بین کە زۆر نزیک بین لە ڕێککەوتن.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لەوە دەکەن بەم زووانە ئێران و ئەمەریکا ڕێک دەکەون، بەڵام من دڵنیا نیم بەڕاستی لە دۆخێکی وا بین.

بە گوتەی عراقچی، ڕێککەوتن لە ڕێگەی مێزی دانوستانەوە مسۆگەر دەبێت نەک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕاپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوزی سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیش ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو ڕاپۆرتە هەوڵگرییەی فۆکس نیوز پشتی پێ بەستووە ساختەیە و لە دژی دیپلۆماسیی ئێران و ئەمەریکایە.

چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناویان ببەن، بێ ئەوەی هیچ کەسێکیش بکوژرێت، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوە، چونکە خەریکە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتن.

ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئێران چاوی لە ڕێککەوتنە، ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن ژیانی زۆر کەس دەپارێزن، بەڵام کاتی رێککەوتنەکەش دیار نییە، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بێت.

 
Fly Erbil Advertisment