هەرێمی کوردستان.. زیاتر لە 100 مزگەوت لەسەر شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی دروستکراون

بۆ ئەوەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان مۆرکێکی کوردەواریان لەسەربێت، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاری داوە سەرجەم مزگەوتەکان لەسەر شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی دروستبکرێن.
موحەممەد موشیر بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی، ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ ئەوەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان مۆڕکێکی کوردەوارییان هەبێت، چوار ساڵ پێش ئێستا داوامان لە ژمارەیەک نووسینگەی ئەندازیاری کرد لە تەواوی شار و شارۆچکەکان کە دیزاینی تایبەت بۆ دروستکردنی مزگەوتەکان بنێرن.
موحەممەد موشیر گوتیشی: دواتر لەنێو ژمارەیەکی زۆری دیزاینەکان، بڕیاردرا سەرجەم مزگەوتەکان لەسەر شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی دروستبکرێن.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا هەر مزگەوتێک دروستبکرێت، لەشار و شارۆچکەکان پێویستە بەشێوەی کڵاو و جامەنەی کوردی بێت، کە لە وەزارەتی ئەوقافەوە پەسندکراوە، تەنیا گوندەکان ئەم بڕیارە ناگرێتەوە، چونکە بودجەیەکی زۆری پێویستە و مزگەوتی گوندەکانیش بچووکترن بەراورد بە شار و شارۆچکەکان.
موحەممەد موشیر ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکوو ئێستا مۆڵەت بە زیاتر لە 100مزگەوت دراوە بۆ دروستکردنیان لەسەر ئەم شێوازە، زیاتر لە 50 مزگەوت دەکەونە شاری هەولێر، چەند مزگەوتێکیش لەسەر ئەم شێوازە تەواوکراون.
بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەکان دەشڵێت: ئامانج لەم بڕیارە بۆ ئەوەیە چیتر مزگەوتەکان لەسەر شێوەی وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ دروست نەکرێن.
لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 150 مزگەوت هەن، وتاری هەینی لە سێ هەزار مزگەوت زیاتر بەڕێوەدەچێت.