نوێترین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکەی پیرمام

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: سبەینێ مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیەی کە بەغدا دروستی کردووە و، پەیوەندیی بە قوت و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

هەینی 30ـی ئایاری 2025، نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ تەواویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی  بەشدار بن لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکەی سبەینێ کاتژمێر 11، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بەڕێوە دەچێت و، تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیەی کە دروست بووە و پەیوەندیی بە قوت و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

بە پێی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان مەبەستێتی بۆچوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بزانێت، لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بودجەی مانگەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، هەروەها پارتەکە دەیەوێت سەرجەم لایەنەکان بە یەکگرتوویی و بە یەک گوتاری، مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن.

دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت مووچە بنێرێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمەکە بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .

لە بەرانبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: "ڕای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment