ئینتەر میلان دەیەوێت دوای 15 ساڵ كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان بێنێت
ئینزاگی: لە بارسێلۆنا، مان سیتی و بایرن میونشمان بردووەتەوە و ورەمان بەرزە
له یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئینتەر میلان لە كاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو رووبه‌رووی پاریس سانجێرمان ده‌بێته‌وه، ئینته‌ر میلان حهوتهمجاره له مێژوو ده‌گاته یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ و سێجاریش ناسناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ئینزاگی راهێنەری ئینتەر رایگەیاند بە ورەیەكی ئێجگار بەرز دێنە نێو یاریگە، لە لایەكی دیكەیشەوە، لاوتارۆ مارتینێز هێرشبەری ئینتەر میلان جەخت لەوە دەكاتەوە كرینگی بە باڵۆن دۆر نادات و دەشڵێت: پێویستە ئەم نازناوە ببەینەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 31 ئایاری 2025، له یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی ئالیانز ئه‌رینا له میونشن، ئینتەر میلان و پاریس سانجێرمان ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئینته‌ر له قۆناخی شازده‌ی چامپیۆنزلیگ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی فێنۆرد رۆتێردام گه‌یشته چاره‌كی كۆتایی و له‌وێش به ئه‌نجامی هه‌ردوو یاریی به چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر سێ گۆڵ له بایرن میونشنی برده‌وه و له پێشكۆتاییش به حه‌وت گۆڵ به‌رامبه‌ر شه‌ش گۆڵ به ئه‌نجامی هه‌ردوو یاریی له بارسێلۆنای برده‌وه و گه‌یشته یاریی كۆتایی. له‌م یارییه لە ریزەكانی ئینتەر میلان ته‌نیا گومان له یارییكردنی زێلینسكی و پاڤارد ده‌كرێت و سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دیكه‌ی نێراتزۆری ئاماده‌ن.
ئینزاگی: ورەمان زۆر بەرزە
ئینزاگی راهێنەری ئینتەر میلان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند گه‌یشتن به یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ خه‌ونی هه‌موو یاریزان و راهێنه‌رێكه، دەشڵێت: دڵخۆشم له ماوه‌ی سێ وه‌رز دووه‌مینجاره ده‌گه‌ینه یاریی كۆتایی و ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆشمان بۆ به‌ده‌ستھێنانی ناسناوه‌كه ده‌ده‌ین، یارییه كۆتاییه‌كه‌ی دوو وه‌رز پێشتر یارمه‌تی داین و ئێستاش بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه بۆمان بووه به خوو، هه‌ر ساتێكی یارییه‌كه بۆ ئێمه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، به‌راستی به وره‌یه‌كی زۆر به‌رزه‌وه دێینه ئه‌م یارییه.
ئینزاگی گوتیشی: ئێمه له بایرن میونشن و بارسێلۆنامان بردووه‌ته‌وه، به‌رامبه‌ر ئارسێناڵ و مان سیتی یارییمان كردووه، بۆیه وره‌مان زۆر به‌رزه، 90 خولهك یارییه‌كه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، پێش دوو وه‌رز هه‌مووان پێشبینیان ده‌كرد مان سیتی ئێمه وێران بكات، به‌ڵام بینیتان ئێمه شایسته‌ی سه‌ركه‌وتن بووین، به‌ڵام دۆڕاین، چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كم له‌باره‌ی یاریی كۆتاییه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر پاڤارد سه‌دا سه‌د ئادهبێت یاریی پێده‌كه‌م، هه‌موو شتێكم له ئینته‌ر میلان هه‌یه و پێویست ناكات بڕۆم، به‌راستی لێره زۆر دڵخۆشم.
لاوتارۆ: دەبێت ئەم نازناوە ببەینەوە
له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پێش یارییه‌كه، لاوتارۆ مارتینیزی یاریزانی ئینته‌ر میلان رایگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی چاكه‌ی شاری میلانۆ بداته‌وه پێویسته ئه‌م ناسناوه به‌ده‌ست بهێنن و گوتیشی گرینگی به باڵۆن دۆر ناده‌م.
هێرشبەرە ئارجێنتینایەكەی ئینتەر میلان دەشڵێت: به‌ڵێ چامپیۆنزلیگ تاكه ناسناوه نه‌متوانیوه به‌ده‌ستی بهێنم، مۆندیال و كۆپا ئه‌مریكام هه‌یه و ده‌مه‌وێت ئه‌م ناسناوه‌ش ببه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به هه‌وڵدانێكی زۆره، ئه‌م ناسناوه نه‌ك ته‌نیا بۆ من به‌ڵكو بۆ شاری میلانۆش زۆر گرینگه و ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمانی بۆ ده‌ده‌ین.
لاوتارۆ گوتیشی: به‌راستی باڵۆن دۆر و خه‌ڵاته تاكه‌كه‌سییه‌كان لای من پله‌ی دووه‌مه و ئێستا بیری لێناكه‌مه‌وه، ته‌نیا بیرم لای ئینته‌ر میلان و بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگه، ده‌مه‌ویت ئه‌و ناسناوه ببه‌مه‌وه كه 15 ساڵه ئینته‌ر میلان هه‌وڵی بۆ ده‌دات، ده‌مه‌وێت هانده‌رانی ئینته‌ر دڵخۆش بكه‌م، ته‌نیا ئه‌وه‌م ده‌وێت، به‌راستی من قه‌رزاری ئینته‌ر میلانم، به‌جۆرێك له خۆی گرتم وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و یانه‌یه له‌دایك بووبم، هه‌ر بۆیه ده‌مه‌وێت ئه‌و چاكه‌یه بده‌مه‌وه و ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆم له یاریگه پیشان بده‌م، له‌م یارییه هه‌لی ئه‌وه‌م هه‌یه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین جامه‌كان به‌رز بكه‌مه‌وه، به‌راستی سه‌ختی زۆرمان بینی تا گه‌یشتین به‌م قۆناخه و ئێستاش یه‌ك هه‌نگاو له ناسناوه‌كه دوورین.
ئامارێكی سەرنجراكێش
ئه‌مه دووهمینجارە دوو یانه‌ی فڕه‌نسی و ئیتاڵی له یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبه‌رووی یه‌كتری ده‌بنه‌وه، پێشتر له سالی 1993 مارسێی فڕه‌نسی رووبه‌رووی ئه‌یسی میلانی ئیتاڵی بووه‌وه و یارییه‌كه‌ش به گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر لە بەرژەوەندی مارسێ كۆتایی هات و یانە فەرەنسییەكە بووه پاڵه‌وان، ئینته‌ر میلان سێ‌جار له ساڵه‌كانی 1964 و 1965 و 2010 بووه‌ته پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگ و دواینجاریش ساڵی 2023 به‌رامبه‌ر مان سیتی له یاریی كۆتایی دۆڕا، ئینته‌ر میلان له مێژوودا پێنج یاریی به‌رامبه‌ر پاریس سانجێرمان كردووه، ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ریان هه‌یه و له سێ یاریی دۆڕاوه و له یه‌ك یارییش به‌رامبه‌ربوون.