مەترسی هەیە ساڵی داهاتوو وانەی زمانی کوردی لە سێ قوتابخانەی بەرلین نەمێنێت
لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی کەمی خانەوادە کوردییەکان منداڵەکانیان بۆ خوێندنی کوردی تۆمار دەکەن، مەترسی هەیە ساڵی داهاتوو وانەی زمانی کوردی لە سێ قوتابخانەی بەرلین نەمێنێت.
لە ساڵی 2019ـەوە، سێ قوتابخانەی شاری بەرلین بە پشتیوانیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی شارەکە، وانەی کوردییان تێدا دەخوێنرێت، بەڵام ئەو وانانە وەک پێویست لە لایەن خێزانە کوردەکانی بەرلین پێشوازییان لێ نەکراوە و منداڵەکانیان بۆ خوێندنی وانەی کوردی تۆمار نەکردووە، بۆیە مەترسی هەیە ساڵی داهاتوو وانەی کوردی لە هەرسێ قوتابخانەکە نەمێنێت.
لەوبارەوە شەریف دەرینجە، توێژەر لە ئەکادیمیای 'یەکمال' لە بەرلین بە شەوقی کانەبی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر منداڵەکان لە لایەن خانەوادەکانیانەوە لەو قوتابخانانە تۆمار بکرێن و داواکاری بۆ خوێندنی وانەی کوردی زیاد ببێت، ئەوا خوێندنی کوردی بەردەوام دەبێت. مامۆستای زیاتر دادەمەزرێن و لە قوتابخانەی زیاتر وانەی کوردی دەخوێندرێت. ئێمە دەرفەتمان زۆر نییە کە دەنگمان بگەینینە خێزانە کوردەکان، هیوادارم لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکییەکان، خێزانی زیاتری ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکووری و باشووری کوردستان بچن منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە تۆمار بکەن، ئێستا لە بەرلین خوێندنی کوردی بە زاراوەکانی کرمانجی و زازاکی هەیە، بەڵام ئەگەر داواکاری و هەوڵدان هەبێت زاراوەی سۆرانیش زیاد دەبێت."
ڕێکخراوی ئادار ساڵانە لە ڕێگەی چالاکیی جۆراوجۆرەوە کۆرسی زمانی کوردی بۆ کورد و هاووڵاتییانی بیانی دانیشتووی بەرلین دەرەخسێنێت تا فێری زمانەکە ببن.
جوان تەنگەزار، مامۆستای زمانی کوردی و سەرپەرشتی ڕێکخراوەکە، ڕەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانیا دەگرێت کە دەرگایان بۆ زمانی کوردی نەکردووەتەوە. دەشڵێت: "دوو مامۆستای وانەی کوردی مامۆستای کونسوڵخانەی تورکیان، کوردن بەڵام سەر بە کونسوڵخانەی تورکیان، تۆ چۆن منداڵەکانت دەنێریتە مامۆستای کونسوڵخانەی تورکیا؟ مانای ئەوەیە ئەو کەسە ڕاسپێردراوە وەک مامۆستای زمانی تورکی بەڵام دەڵێن باشە کوردیش مرۆڤن با هەفتەی جارێکیش دەرسی کوردی هەبێت. نابێت، ئەوە نابێت ئاوا بێت. ئەوە کێشەیە. کێشەیەکی تریش دامەزراوەکانی ئەڵمانیان کە دەرگایان بۆ زمانی کوردی نەکردووەتەوە."
دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن لە ئەڵمانیا پشتیوانیی لە فێربوونی زمانی دایک دەکەن بۆ منداڵانی ئەو نەتەوانەی کە لە ئەڵمانیا دەژین لەو چواچێوەیەشدا خوێندنی زمانی کوردی لە چەند قوتابخانەیەک دەخوێنرێت، بەڵام بۆ بەردەوامبوونی، پێویستی بە پشتیوانیی خانەوادە کوردەکان و ڕێکخراو چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی لەو وڵاتەدا هەیە.