ڕۆژانە پرسیار و وەڵامى تاقیکردنەوەکانی وەزاری بڵاو دەکرێنەوە
وەزارەتی پەرەوەردە قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی ڕۆژانە پرسیار و وەڵامى تاقیکردنەوەکانی وەزاری بڵاو دەکاتەوە.
یەکشەممە، 01-06-2025، لیجنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەرەوەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، دەتوانن ڕۆژانە لــە ڕێگەی ئـــــەم لـــینکەوە پرسیار و وەڵامى تاقیکردنەوەکانی وەزاریی خولی یەکەم، بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) بببینن.
لیجنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان، پرسیار و وەڵامى تاقیکردنەوەکان نوێ دەکرێنەوە، تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی هەردوو بابەتی (زیندەزانی و مێژوو) دانراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-06-2025، بە بەشداریی 115 هەزار و 787 قوتابی، تاقیکردنەوەکانی وەزاریی خولی یەکەمی، بەشە جیاوازەکانی پۆلی 12 ـی ئامادەیی دەستیان پێ کرد.
ژمارەی قوتابییان بەم شێوەیە بەسەر بەشەکاندا دابەش بوون:
- 84 هەزار و 298 قوتابی لە بەشی زانستی.
- 28 هەزار و 865 قوتابی لە بەشی وێژەیی.
- دوو هەزار و 624 قوتابی لە بەشی پیشەیی.
لە کۆی گشتیی ژمارەی قوتابییان، زیاتر لە 37 هەزار لە سنووری هەولێر و نزیکەی 20 هەزار لە سلێمانی و 26 هەزار و 662 قوتابی بە پۆلی 12 و پیشەییەوە لە پارێزگای دهۆکن و لە هەڵەبجەش هەزار و 708 قوتابی پۆلی 12 بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
تاقیکردنەوەکان لە 17 هەزار و 500 هۆڵ دەکرێن و کارەبای 24 کاتژمێری و ئامێری فێنکەرەوەش بۆ هۆڵەکان دابین کراون. هۆڵەکان زیاتر لە 700 هۆڵ لە هەولێر و 277 لە سلێمانی و 499 لە دهۆکن و هەرچی تایبەتیشە بە هەڵەبجە، 40 هۆڵی تاقیکردنەوە لەو پارێزگایە ئامادەکراون.