مەسرور بارزانی: کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، دەبنە داینەمۆی گەشەی ئابووری، وەبەرھێنان و داهێنان. لەبارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، لە ڕێگەی پرۆژەکەوە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی–  کوردستان لە دهۆک، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لێرە لەگەڵتانم. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنیا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئەکادیمیتان کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بە دەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمرۆ.

"کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە"

"گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، دەبنە داینەمۆی گەشەی ئابووری، وەبەرھێنان و داهێنان"

هاوکات لەبارەی پرۆسەی چاکسازییەوە، مەسرور بارزانی، ئاشکرای کرد، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە پرۆسەکە کردووە، ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لە سەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدی دەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکە، سەرۆکی حکوومەت گوتی: ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکوومەت و گەلی ئەمەریکا دووپات کردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ـەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی وڵاتەکە لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.

پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین

لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان

باسی لەوەش کرد، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بە دەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە، لە ڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناغەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، گوتی: ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لە ڕێگەی (پرۆژەی رووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر. 

پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە پرۆژەی هەژماری من کرد و ڕایگەیاند: بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نییە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیارێەتی. جەختی لەوەش کردەوە، ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین.

مەسرور بارزانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەهێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازیی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەهێزکردنی ئاستی قوتابییانمان، لە پێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە. 

گوتیشی: لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە ، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داهێنان دەکاتە کرۆکی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانستخواز بنیات بنێین، نەتەوەیەک، بە درێژایی ژیانی بە دوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت.

زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک

لەم خولەدا، کە حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆکەیە، 93 قوتابیی لە هەر چوار کۆلێژی هونەر و زانستەکان، کارسازی، ئەندازیاری، پەرستاری بڕوانامەی دەرچوونیان پێ درا. لە نێویاندا 18 دەرچوو یەکەمەکانی سەر کۆلێژەکانیان بوون.

ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم، 23 قوتابی لە کۆلێژی پەرستاریی زانکۆکە دەرچوون و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ درا. ئەم قوتابییانە، کورسی خوێندنیان بێبەرانبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بۆ دابین کرابوو. 

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەستی کوردستان24 گەیشتووە، 68%ـی دەرچووانی ئەم خولە لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ وەرگیرابوون بەم شێوەیە:

- %12 بەشێوەی ڕێژەیی سکۆلەرشیپ وەرگیراون.

- %88 بەشێوەی تەواوی لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ وەرگیراون.

ساڵی ڕابردوو (یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

ساڵی ڕابردوو، 68 قوتابیی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، کارسازی، زانست و هونەر و خوێندنە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بڕوانامەی دەرچوونیان پێ درا. 

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە, لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێک دێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایه‌ته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

میوانە بەرێزەکان: 

بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، فاکەڵتی و ستاف و دایک و باوکانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی 2025 :

ئێوارەتان باش،

شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێرە لەگەڵتانم. 

ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنھا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئەکادیمیتان کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمرۆ.

 بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم.

ئەم ئاھەنگەی ئەمرۆ تەنیا بۆ ئەو دەستکەوتە ئەکادیمییە نیە کە بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بەدەستتان ھیناوە، بەڵکوو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە. 

ئەمڕۆ،ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە قۆناخی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیهێنانی ئامانجەکانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی کوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پەیوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان بەدەستتانھێناون ، دەست پێبکەن.  

زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەکۆی دروستکردنی کاریگەرییەکی واتادارە لە کوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەک حەزی زانین و زانیاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوکاری، خزمەتکردن و ڕاستگۆیی، دەبنە رێنیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن،  وەک چۆن پاڵنەردەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەکانتان.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لە سەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.

دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناخێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکوومەت و گەلی ئەمەریکا دووپاتکردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە،. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناخەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکان دروستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوانکراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروستکران. 

ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی رووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر. 

بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نیە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیارێەتی. 

لە کرۆکی ئەم پێشکەوتنە ھێزێکی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەکنەلۆجیایە. زیرەکی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە هۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنەلۆجیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکی دەستکرد لە جیھان.

تواناکانی خەڵکی ئێمە، تەنیا لەرێگەی سیستمێکی تەندروستی بەھێز و متمانەپێکراوەوە دەردەکەون، ئەمەش لە شارەزا و کەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندروستیدا دەست پێدەکات، کە بناخەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، پرۆگرامێکی پەرستاریمان ھەیە، نەک تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو وەک مۆدێڵیک لە ناوچەکەدا خزمەت دەکات. ئەمرۆ دەستکەوتێکی مێژوییە: شانازی دەکەم یەکەم گرووپی دەرچوانی پەرستاری دەبینم، کە ھەریەکەیان بە سکۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری کراون. ئەوان زیاتر لە دەستکەوتێکی ئەکادیمین، ئەوان ھیواکانمان بۆ کوردستانێکی پێشکەوتوو و تەندروستتر بەرجەستە دەکەن. پابەندیی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزکردنی راھێنانی پەرستاری دەکەین و ھاوکاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی کە پێویستیانە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق .

با ئەو بنەما سەرەکییانە لەبیر نەکەین کە دەبنە هۆی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داهێنان، ئەویش، سیستمی خوێندن و پەروەردەمانە. کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەهێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازیی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەهێزکردنی ئاستی قوتابیانمان، لە پێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە. 

لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە ، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داهێنان دەکاتە کرۆکی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانستخواز بنیات بنێین، نەتەوەیەک، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت. 

وەک دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی کوردستانە، ئێوە لەناو ئەو باشترینانەدان کە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە. داواتان لێدەکەم لە کارەکانتاندا، ئەوپەڕی ئێتیک و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بکەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەکەتان لە ناو دڵتاندا بێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتیمانەت بکە کە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانی کردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتیانەی خزمەت دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دروست دەکەن و سەری دەخەن. 

با بەبیرتانبێنمەوە، سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێدەکات: مەترسن و بەردەوامبن لە گەیشتن بە خولیاکانتان، بەڵام هەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەکەن کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە. 

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، کوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆکە و سەرکردایەتی ئێوەیە. 

وەک نەوە دوای نەوەکانی پێشمەرگەکانمان، کە قارەمانانە شەڕیانکرد و قوربانی زۆریاندا بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان، 

وەک خاوەن دیدگاکانمان  کە دامەزراوەکانمانیان دروست کرد، 

وەک ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێوچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزکردن و خزمەتکردنی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن، 

ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.

دووبارە پیرۆزبایی  لە دەرچووانی 2025 دەکەم.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment