تەندروستیی سۆران: حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان زیادی کردووە

گۆڕانی کەشو هەوا و کەم بارانی بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان لە سۆران، بەڕێوەبەری تەندروستیش دەڵێت: لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ 25حاڵەت تۆمارکراون.

حەمرین مینە، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشو هەوا و کەم بارانی، حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران گوتیشی: لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ 25 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان تۆمارکراون، بەڵام هیچ حاڵەتێک مەترسیدارنەبووە، دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران چارەسەرکراون لەگەڵ ئەوەی پێویستە زیاتر لە 24کاتژمێر لەژێر چاودێری پزیشک بمێنەوە.

حەمرین مینە باسی لەوەش کرد، "حاڵەتی گیان لەدەستدان ساڵی رابردوو تۆمارکراوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی لەمشێوەیە تۆمارنەکراوە"

دەربارەی چارەسەرکردنیان دوای پێوەدان، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاماژەی بەوەکرد، ڤاکسینی تایبەت هەیە بۆ چارەسەرکردنیان بەتایبەتی بەشێکی حاڵەتەکان دەبێتە هۆی ڕەشبوونی پێستیان، ئەمەش پێویستی بە چاودێری زیاتری پزیشکییە.

پێشتر ماڵپەڕی کوردستان24 بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگاکان حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار زیادییان کردووە.

حاڵەتەکان بەمشێوەیە بوون، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەزار و 853 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار تۆمارکراون لە هەر چوار پارێزگا.

ئامارەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە: 

حاڵەتەکانی پێوەدانی دوپشک و مار

هەولێر:  پێوەدانی دووپشک و مار 37 حاڵەت.

دهۆک: پێوەدانی مار، 32 و دووپشک هەزار و 687 حاڵەت.

هەڵەبجە: 10 حاڵەت تۆمارکراون، 6 دووپشک و 4 پێوەدانی مار.

 سلێمانی: لە مانگی یەکەم و دووەم، تەنیا یەک حاڵەتی پێوەدانی دووپیشک هەبووە، بەڵام مانگی سێ بۆ 10حاڵەت زیادبووە ، لە مانگی چوار بۆ 74 حاڵەت زیادبووە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment