سعوودیە ڕێگری لە دزەکردنی نزیکەی 270 هەزار کەس کردووە

هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی شانشینی سعوودیە، توانیویانە ڕێگریی لە دزەکردنی زیاتر لە 269 هەزار کەس بکەن، کە هەوڵیان داوە بە نایاسایی و بە ڕێگەی قاچاخ دەربازی نێو شاری مەککە بن بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
محەممەد بەسامی، بەڕێوەبەری گشتیی تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی زیارەتکارانی نایاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شکست بە دزە کردنی 269 هەزار و 678 نیشتەجێی سعوودیە بهێنن، کە بەنیاز بوون بە قاچاخ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دزە بکەنە مەککە، چونکە مۆڵەتی ڕێگەپێدانیان نەبووە.
گوتیشی: توانراوە 75 هەزار و 943 سەرپێچیکار و 252 حەملەداری نایاسایی دەستگیر بکەن، لەگەڵ ئەمەشدا توانراوە دەست بە سەر 109 هەزار و 632 ئۆتۆمبێلدا بگرن.
هەروەها هۆشداری داوە، هەر کەسێک هەوڵی دزەکردن بدات، توندترین سزای دەدەن. ڕاشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی حەجی ئەمساڵ جگە لە کارت و سیستەمی ئەلیکترۆنی، لە دەروازەی مەککەی پیرۆز، درۆنێک بەکار دەهێنن، کە بە کامێرایەکی ورد و شیکارکردنی زانیارییەکان پاڵشپتی دەکرێن لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی حەجی سعوودیە، تاوەکوو ئێستا یەک ملیۆن و 475 هەزار و 230 کەس لەسەرتاسەری جیهان بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە.
هەر لەسەر حەجی نایاسایی، وەزارەتی حەجی سعوودیە هۆشداری داوە، هەر کەس بە ڕێگەی نایاسایی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ڕوو لە سعوویە بکات و دەستگیر بکرێت، جیا لەوەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، بە بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریکی سزای پێبژاردنی ماددیشی بۆ دەکرێت.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بەهۆی کاری نایاسایی و سەرپێچی بڕیارەکان، مۆڵەتی کارکردنی نزیکەی 400 کۆمپانیایان لەسەرتاسەری جیهاندا هەڵوەشاندووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی سعوودیە، ساڵی ڕابردوو لەسەرتاسەری جیهانەوە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گەشتی سعوودیەیان کردبوو.