ئیبراهیم دلێمی: ئەگەر ئازان بچن مووچەی بەسرە یان ئەنبار ببڕن، بزانن لێتانی قبوڵ دەکەن

بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بێ گوێدان بە ڕێککەوتنەکان و یاسا و دەستوور، کارتێکی فشاری سیاسییە بەدەست لایەنە عێراقیەکانەوە، ئیبراهیم دلێمی، سیاسەتمەداری ناسراوی سوننە دەڵێت، هەڵە و تاوانە سیاسیەکانی عێراق مووچەی کوردستان دەکەن بە کارتی سیاسی، ئەوانەی لە پشت بڕینی مووچەی هەرێمەوەن ئەگەر ئازان و دەوێرن، با مووچەی فەرمانبەری بەسرە یان ئەنبار ببڕن، بزانە لێتانی قبوڵ دەکەن.

ئیبراهیم دلێمی, سکرتێری حزبی عیمران. بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، فەرمانبەر ئەگەر لە کوردستان، یان بەسرە یان عیمارە بێت، دەبێت مووچەی خۆی وەرگرێت. ئەوە تاوانە مووچە دەکەنە کارتی فشار، هاووڵاتی حەقی سیاسەتی ئێوەی چییە؟ سیاسییەکانی عێراق بە دزیکردن  بوونەتە ملیۆنێر، سەرباری ئەوە دێن هەڵە دەکەن و مووچەی هەرێم دەبڕن، ئەگەر ئازان بچن مووچەی بەسرە یان ئەنبار ببڕن، بزانن لێتانی قبوڵ دەکەن.

بە درێژایی قۆناغەکانی مێژووی دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەگەر لە ژێر گوشاری دەرەکی و هێزە کوردستانیەکان نەبێت، لایەنەکانی عێڕاق دان بە مافەکانی کورددا نانێن و تەنانەت لە حوکمڕانیی عێراقی نوێی فیدراڵدا زیاتر لە 54 ماددەی دەستوری کە دەستەبەری مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکات فەرامۆش کراون.

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: ئەو کێشەیە 100 ساڵە هەیە و چارە نەکراوە، پێ ناچێت بە ئاسانی چارە بکرێت، چونکە هەر حکوومەتێک دێت، هیوای لەسەر هەڵدەچنین و بەڵێنی گەورە دەدەن و ڕێککەوتنی باشیش دەکەین، بەڵام هەر ئەوەندە جێگا پێی خۆیان توند کرد، ئەوکات دەست دەکەنەوە بە لێدانی کورد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەی ئێستاش هەیە هەمان شتە، ئەو عەقڵییەتە هیچ جیاوازی وای نییە لەگەڵ عەقڵییەتی ڕژێمی بەعس، هەتا پێش بەعسیش دژایەتی کورد کراوە.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment