خوێندنی باڵا ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی خوێندن لە دەرەوە دەرکرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بایەخپێدانی زیاتر بە جۆرێتیی خوێندن، ژمارەیەک بڕیار و ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات بڕوانامە بەدەست بهێنن. 

نووسراوەکە ڕۆژی دووشەممە، 06-02-2025، دەرچووە و ئیمزای د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، کاری پێ دەکرێت. 

بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بە پشتگیریی حکوومەت لە چوارچێوەی بەرنامەکانی تواناسازی یاخود (بعثة) دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی باڵا بەدەست بهێنن، تەنیا دەتوانن لەو زانکۆیانە کە ڕانکیان لە نێوان (1- 1000) لیستی A (شەنگەهای) و (1 – 500) لیستی B (تایمز هایەر ئیجوکەیشن) بەپێی لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتمان بخوێنن. 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوانەی بە مۆڵەتی خوێندن دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی باڵا بە دەست بهێنن، تەنیا دەتوانن لەو زانکۆیانە کە ڕانکیان لە نێوان (1- 1000) لیستی A (شەنگەهای) و (1 – 600) لیستی B (تایمز هایەر ئیجوکەیشن) بەپێی لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتمان بخوێنن.

3. فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، تەنیا دەتوانن لەو زانکۆیانە بخوێنن کە ڕانکیان لە نێوان (1- 1000) لیستی A (شەنگەهای) و (1 – 800) لیستی B (تایمز هایەر ئیجوکەیشن) بەپێی لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتمان بخوێنن.

4. ئەوانەی لە چوارچێوەی زەمالاتی وڵاتانی دیکە کە وەزارەتمان قبووڵی کردووە ئۆفەری (Full ScholarShip) وەردەگرن، ڕەچاوی لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتمان ناکرێت. 

5. هاووڵاتییان و کارمەندانی کەرتی تایبەت، ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر خەرجی خۆیان بخوێنن و بڕوانامەی باڵا بە دەست بهێنن، دەتوانن لە هەر زانکۆیەک لە لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتەکەمان، بخوێنن. 

6. ئەوانەی لە چوارچێوەی زەمالاتی حکوومەتی فیدراڵ و لیجنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق (HCED) وەردەگیرێن، ڕەچاوی ڕێنماییەکانی خودی زەمالەکە دەکرێت.