سەرەڕای کەمبارانی بەرهەمی گەنم لە شارەزوور زۆر باشە

لە دەشتی شارەزوور وەرزی دروێنەی گەنمە، وێرای کەمیی باران، گەنمێکی جوان و نایاب بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەرهەم هاتووە، جووتیارانیش دەڵێن: بەغدا ستەممان لێ دەکات و ئەمساڵ بەگوێرەی پێویست بەرهەمی گەنممان لێ وەرناگرێت. ئەمساڵ، لەدەشتی شارەزوور 56 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە.
سەرخێڵ ئەنوەر، جووتیار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، من زیاتر لە 1000 دۆنم زەویم بە گەنم چاندووە، خۆشبەختانە وێرای بێبارانی بەڵام بەرهەمەکەی باشە و بەدڵمە. گوتیشی: عێراق ستەممان لێ دەکات و لە هەر دۆنمێک 131 کیلۆ گەنممان لێ وەردەگرێت
ڕێبوار مەحموود، جووتیار گوتی: خودا لە نزیک جەژنی قوربان چەند بارانێکی باران ئەوە هۆکاری سەرەکی بوو کە گەنمی ئەمساڵی شارەزوور بەرهەمەکەی باش بێت و سەرەڕای کەمبارانی بەرهەمی گەنم باشە و لێی ڕازین و دەبوو بەغداش ئەمساڵ ئەو بڕیارەی نەدابایە و ڕێژەیەکی زیاتری گەنمی لە جووتیاری کورد وەربگرتایە.
دەیان دەڕاسە لە دەشتەکەدا گەنمی جووتیاران دروێنە دەکەن، چونکە وەرزی دروێنەی گەنم چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، کشتوکاڵی شارەزووریش چەند ئامارێکی لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم خستووەتە ڕوو.
فەرەیدەون حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور ڕایگەیاند، 62 هەزار دۆنم زەوی شیاو لە شارەزوور هەیە بۆ کشتوکاڵ، ئەمساڵ نزیکەی 56 هەزار دۆنم بەگەنم چێنراوە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ گەنمی شارەزوور لە گەنمی هەموو شوێنەکان باشترە.
باسی لەوەش کرد، 2200 جووتیار ناویان تۆمار کراوە بۆ ئەوەی گەنمەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن، تاوەکوو ئەو بڕەی بەغدا دایناوە پێی بدەن، هەرچەندە ئەو بڕەی کەبەغدا بۆ هەرێمی دیاری کردووە، بەدڵی جووتیاران نییە کە 400 هەزار تۆنە. نرخی کیلۆیەک گەنم بۆ زەویە دێمییەکان 800 دینارە و بۆ زەوی بەراویش 850 هەزار دینارە.
دەشتی شارەزوور یەکێکە لە خاکە بە پیتەکانی کوردستان، وێڕای بەرهەمی گەنم، چەندین بەرهەمی دیکەی تێدا دەچێنرێت و بەشێکە لە سەبەتەی خۆراکی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق.