بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

نەوزاد شێخ کامیل
نەوزاد شێخ کامیل

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:"پڕکردنەوەی فۆرمی پسوولەی خۆراک ئاسانە و لەسەر مۆبایلی زیرەک کارا دەکرێت، بەڵام مەرجی سەرەکی پڕکردنەوەی فۆرمەکە، بوونی کارتی نیشتمانییە، هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت، ناتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە.

سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" هەر هاووڵاتییەک نەزانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، تیمەکانی ئەوان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان ئامادەییان هەیە دەتوانن هاوکارییان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، هەر هاووڵاتییەکیش لەماوەی دیاریکراودا فۆرمەکە پڕ نەکاتەوە، مافی وەرگرتنی بەشە خۆراکی مانگانەی نامێنێت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە پسوولەی خۆراک لە هەردوو سیستەمی (ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس) بەناوی(البطاقة التمونية) کارا دەکرێت، هاووڵاتییان دەتوانن لەسەر مۆبایلەکانیان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە و زانیارییەکان لە خانەی دیاریکراو دابنێن بەپێی ئەو پرسیارانەی هەیە و دەخرێتە پێشیان، نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییانیش کرد پارە بە هیچ کەسێک نەدەن بەناوی پڕکردنەوەی فۆرم، چونکە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک خۆی ناتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، ئەوان بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەکانی خۆراکیان لە شار و شارۆچکەکان هەیە، تیمەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە هاوکاریی هاووڵاتییان دەکەن لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، نەوزاد شێخ کامیل ڕاشیگەیاند: وەزارەتی بازرگانیی بەرپرس نییە لەوەی هەر هاووڵاتییەک پارە بدات بە کەسێک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە تا ئێستا کارتی نیشتمانییان نییە، بچن لەو ماوەیەدا کارتی نیشتمانی دەربکەن، چونکە هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانی نەبێت، ناتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، تەنها مانگێکیش بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە داندراوە، رەنگە چەند ڕۆژێکیش دوای ئەو مانگە دەرفەت بدرێت بە هاووڵاتییان، بۆیە هەر هاووڵاتییەک ئەگەر بەشە خۆراکی بۆ نەهات، ئەوە فۆرمەکەی پڕ نەکردووەتەوە، بۆیە هەر کەسێک لەدوای مانگ و نیوێکی دیکە ئەگەر فۆرمەکەی پڕ نەکردبێتەوە، ڕەنگە بەشە خۆراکەکەی ڕابگیرێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment