نەوزاد شێخ کامیل: 10ـی ئەم مانگە گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت

بڕیار وایە چەند سایلۆیەکی دیکە لە زاخۆ، کۆیە، هەریر، کفری دروست بکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 10ـی ئەم مانگە گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت و بڕیارە چەند سایلۆیەکی نوێش لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند  "بڕیارە 10ـی حوزەیران دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیارانی هەرێم بۆ وەرگرتنی گەنم بکرێتەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی دەڵێت: ئەمساڵ سایلۆ نوێیەکان هاوشان لەگەڵ سایلۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەنم وەردەگرن، وەک قوشتەپە، گەرمیان و ڕوڤیا.

گوتیشی: كه‌رتی كشتوكاڵی‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێزی هەموو ولاتێکە، بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی وەبەرهێنان و كارنامه‌ی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان‌.

دەشڵێت: بۆ ئەمساڵ، ئێمە بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرین، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەپێی ئەو پلانەی بۆ خۆیان دایانناوە.

گوتیشی: بڕیارە سایلۆیەکی نوێش لە زاخۆ بکرێتەوە و 40 هەزار تۆن گەنم لە خۆدەگرێت، بەڵام ئێستا لە تەندەردایە و دوای جەژن ڕاستەخۆ تەندەرەکە دەکرێتەوە و کۆمپانیاکە و گوژمەکەی دیاری دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، ڕاشیگەیاند "لە پلانماندایە بۆ داهاتوو سێ سایلۆی دیکە لە هەریر، کۆیە، کفری، دروست بکەین و 40 هەزار تۆن گەنمیش لەخۆبگرێت."

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە  و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە

 
 
Fly Erbil Advertisment