وەزیری پیشەسازی و کانزاکان: کەمیی ئاو کاریگەریی کردووەتە سەر پیشەسازی

وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ڕایگەیاند، کەمیی ئاو کاریگەریی لەسەر بەشێک لە پیشەسازییەکانی وڵات دروست کردووە.

چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، خالید بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، لە میانی ئاهەنگێکدا کە بە بۆنەی 'ڕۆژی پیشەسازیی نیشتیمانی' ڕێک خرابوو گوتی: پیشەسازی زیاتر پێویستی بە پاراستن هەیە نەک پشتیوانی، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی پێشکەوتن و بەشداری لە پاڵپشتیی ئابووری بکات، پاراستنی پیشەسازیش پەیوەستە بە وەزارەت و دەزگاکانەوە، لە پێش هەموویانەوە دەروازە سنوورییەکان.

گوتیشی: کەمیی ئاو، کاریگەریی لەسەر بەردەستبوونی کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازییە جیاوازەکان هەبووە، لەوانە ڕۆن و شەکر و پەتاتە.

وەزیری پیشەسازی و کانزاکان ئاماژەی بەوەش دا، بڕوایەکی تەواومان بەوەیە کە ڕابوونی پیشەسازیی دەبێت لە لایەن کەرتی تایبەتەوە ڕابەرایەتیی بکرێت، لەبەر چەند هۆیەک، گرنگترینیان نەبوونی پشتگیریی و پارەی تایبەتە، ئەگەر ئەوانەش نەبوون، کۆمپانیای گشتیی دروست نابن.

جەختیشی کردەوە "پیشەسازیی تایبەت هەیە کە دەبێت کەرتی تایبەت پشتگیرییان بکات بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ." دەشڵێت: لەم حکوومەتەدا، ئێمە سەرنجمان خستۆتە سەر پیشەسازییە ستراتیجییەکان، وەک پیشەسازییەکانی گۆگرد، فۆسفات، ئاسن، پۆڵا، کارەبا و دەرمانسازی.

سەبارەت بە دۆخی کەرتی تایبەت، خالید بەتال نەجم، ڕایگەیاند "ئەم کەرتە پێویستی بە چەند ساڵێکی دیکە دەبێت بۆ دامەزراندنی کارگەی گەورە، بەتایبەتی کە ئێمە کەرتی بانکیمان نییە بۆ پاڵپشتیی کەرتی پیشەسازی."  

ڕوونیشی کردەوە "گەورەترین ئالنگاری بەردەم پیشەسازی وزەیە، بەو پێیەی هیچ کارگەیەک ناتوانێت بەرهەم بهێنێت و قازانج بکات بەبێ دەستڕاگەیشتن بە وزە، بەتایبەتی کارەبا و غاز."

وەزیری پیشەسازی پێی وایە "کەرتی تایبەت هاوبەشی سەرەکییە کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ ڕابوونی پیشەسازیی ئابووری، ئەگەر بناغەکانی کێبڕکێ لە شوێنی خۆیان بن، ئەوا ئەم کەرتە ڕێگەی خۆی بۆ سەرکەوتن دەدۆزێتەوە و بەشدارییەکی کاریگەر دەبێت لەو گەشەپێدانە ئابوورییەی کە هەموومان ئاواتەخوازین."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment