کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: جیاكردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی، خزمەت بە میللەتەکەمان ناکات

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: سازدانی کۆبوونەوەیەک بۆ ڕەوەندی کوردانی ڕۆژئاوا لە لایەن گرووپێکەوە، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی کوردستانییەکان لە یەکدی و خزمەت بە دووژمنان دەکات.
چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "گرووپێک داوایان لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، كە لە ڕۆژی 8ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ کۆبوونەوەیەک بۆ ڕەوەندی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. ئێمە وەکو کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە لە کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان پێک هاتووە بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان، بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوردستانییانی ڕەوەنددا ناکەین.
دەشڵێت: بۆ ئێمە، باشوور بێت، باکوور بێت، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێت، هەموویان یەک کوردستانن. ئێمە پێکەوە بەهێزین، یەکڕیزیمان سەرکەوتنی ئێمەیە.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە پشتگیریی لە "کۆنفرانسی یەكڕیزی و یەکھەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان" بکەین، کە لە 26ـی نیسانی 2025 لە شاری قامشلۆ بەڕێوە چوو. یەکێک لە داواکارییە گرنگەکانی ئەو کۆنفرانسە، یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دەستووری سووریا مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات و پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بێت، پاراستنی ئازادی و مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی بەشداریی کاریگەرانەیان لە هەموو دامودەزگاکانی (سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی) دا مسۆگەر بكات.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، پێویستە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت و شوناس و خاکی کوردیان بۆ بگەڕێتەوە و کورد لە ناو سووریایەکی فیدراڵیدا جێگەی خۆی بگرێتەوە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد، نەورۆزی کۆڵن، کە لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک خرابوو، جیاوازیی لە نێوان کوردانی پارچەکانی کوردستانی نەکرد، بۆیە جیاكردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی، خزمەت بە میللەتەکەمان ناکات.