هاووڵاتی و بریکارەکان پێشوازی لە پسوولەی نوێی دابەشکردنی خۆراک دەکەن

پسولەی خۆراک بەشێوەی ئەپڵیکەیشن لەناو مۆبایلی ھاونیشتیمانیان کارا کرا و دەتوانن زانیاریی لەبارەی بەشە خۆراکی مانگانە بزانن، ئەگەر ھەر ھاووڵاتییەک کێشەی لە پڕۆسەی پڕکردنەوە ھەبێت، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسولەی خۆراک بکات، لیژنەی تایبەتمەند دانراوە کێشەکانیان بۆ چارە دەکەن.
جەرجیس عەزیز، بریکاری خۆراک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆر کەس هەیە مردووە، بەڵام تاکوو ئێستا لە فۆڕمی خۆراک ڕەش نەکراوەتەوە، ئەگەر فۆڕمەکە بکرێتە ئەو سیستەمە ناوی مردووەکە لە فۆڕمەکە نامێنیت، ئەوانەی کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن مادام لە کوردستان ناژین بەشە خۆراک بۆ وەربگرن، ناوی زۆر کەس لەلام هەیە نیشتەجێی ئەورووپایە، حکوومەتیشم ئاگادار کردووەتەوە، تاکوو ئێستا ناویان ڕەش نەکراوەتەوە ئەو حکوومەت خۆی بڕیاری لەسەر دەدات و دەزانێت. من ناتوانم هیچ لەسەر ئەو بابەتە باس بکەم."
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوبەر گشتی بازرگانی دەڵێت: ئامانج لەم بە ئەلیکترۆنەی خۆراکە، بۆ هەندێک بابەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەوانە کەمکردنەوەی ڕۆتین و زیاد کردنی سەفافییەت، کەمکردنەوەی تێچوون و کەمکردنەوەی کات، ئەم چوار شتە بۆ پرۆسەکە زۆر گونجاوە، تاکوو بتوانین بەم ڕێگە هاووڵاتییان زۆرترین سوود وەربگرن، چونکە کاتێک هاووڵاتیی لە گوندێکدا بێت دەبێت بۆ زیاد کردنی ناوی منداڵێک، یاخود مردنی کەسێک بێتە شار و چوار بەڕێوەبەرایەتی و خەرجییەکی زۆریشی بکردایە و کاتێکی زۆریشی لێ دەڕۆی، بەڵام ئێستا لەماڵەوەیە دەتوانێت وێنەیەکی کارتی نیشتمانی بگرێت و بینێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی و بۆی زیاد دەکرێت.
لە ڕێگای ئەپڵیکەیشنەوە سیستەمەکە دادەبەزێنرێت و هاووڵاتیی دەتوانێت بەزمانی کوردی پڕی بکاتەوە، ھەردوو زاراوەی بادینی و سۆرانی تێدایە .هەروەها لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ھەشت ھەزار بریکاری ئارد و خۆراک ھەن، پێنج ملیۆن و 350 هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
ئەم پڕۆسەیە تا 4ـی تەمموزی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، ھەر کەسێک ناوی خۆی تۆمار نەکات بەشە خۆراکی ڕادەگیرێت.