سبەینێ لەدوای نوێژی بەیانی تەکبیراتی جەژن دەست پێ دەکات

سبەی هەینی لە هەرێمی کوردستان لە دوای نوێژی بەیانی، بڵندگۆی مزگەوتەکان بە تەکبیراتی جەژن دەست پێ دەکات و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیش دەڵێت: نوێژی جەژن و نوێژی هەینی دوو ڕێورەسمی جیاوازن.
د. بەشیرحەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی نوێژی جەژن بەڕێوەدەچێت و دوای گوتاری جەژن، موسڵمانان پیرۆزبایی و جەژنە پیرۆزە لەیەکتری دەکەن.
دەربارەی کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی جەژن، بەشیرحەداد، ئاماژەیدا، کاتژمێر 5:10ـی بەیانی نوێژی جەژن دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی حوزەیرانی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ جەژنی قوربان کەوتووەتە ڕۆژی هەینی، هەربۆیە دوو گوتاری ئایینی پێشکەش دەکرێن، چونکە نوێژی بە کۆمەڵی هەینی، هیچ پەیوەندییەکی بە نوێژی جەژنەوە نییە، دوو ڕێوڕەسمی جیاوازن.
شێرکاوەیی گوتیشی: پێویسته به هیچ شێوهیهك ئهوه مشتومڕ نەکرێت و رارایی له نێوان موسڵمانان دروست نەکرێت، باشتر وایە موسڵمانان بەشداری هەردوو نوێژی بە کۆمەڵ بن.
سبەی هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار و 100 مزگەوت هەن.