ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی ترەمپ بۆ سەر دادوەرانی دادگای نێودەوڵەتی ڕەتدەکەنەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دادوەرەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسییویەتی، یەکێتی ئەورووپا بە توندی پاڵپشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکات، گوتیشی: "بەردی بناغەی دادپەروەری نێودەوڵەتییە".
ئەنتۆنیۆ کۆستا ئاماژەی بەوەش داوە، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ڕووبەڕووی وڵاتان نابێتەوە، بەڵکو دەبێت سەربەخۆیی و متمانەپێکراوی ئەو بپارێزین. دەبێت سەروەری یاسا بەسەر سەروەری هێزدا زاڵ بێت".
لە بەرامبەردا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە واشنتن کرد سزاکانی سەر دادوەرەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەڵبگرێت.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت، دوێنێ ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر چوار دادوەری ئافرەتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا سەپاند، کە سەپاندنی سزاکە بەهۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ بووە، لەگەڵ بڕیارێکی پێشوو کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوەی لە هێزەکانی ئەمەریکا کردبوو بەتۆمەتی تاوانی جەنگ لە ئەفغاسنتان.
ئەو چوار دادوەرە چوونە ناو ئەمەریکایان لێ قەدەغە دەکرێت و هەر سەروەت و سامانێکیشیان لە ئەمەریکادا هەبێت بلۆک دەکرێت.
دادگا لە لێکۆڵینەوەکانیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل، بەرپرسیارن لە برسیکردن و تاوانی جەنگ بەرانبەر خەڵکی غەززە.