عێراق چۆن سەردەکەوێت بۆ مۆندیالی 2026

دوای دۆڕانەکەی هەڵبژاردەی عێڕاق بەرامبەر کۆریای باشوور، لە گەڕی نۆیەمی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، ئەو هەڵبژاردەیە هیچ هیوایەکی نەما بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەم قۆناغە سەرکەوێت بۆ کۆتاییەکانی مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق تەنها بە یەک گۆڕانکاری ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور کرد، ئەویش گۆڕینی راهێنەرەکەی و دەستنیشانکردنی گراهام ئارنۆڵدی ئوستراڵی، بەڵام ئەو راهێنەرە نەیتوانی هیچ شتێکی زیادە بۆ عێراقیەکان بکات، بەڵکو ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە وەکو یارییەکانی رابردووش نەبوو.
شێرەکانی رافیدەین چانسی ئەوەیان هەبوو بە بردنەوە بەرامبەر کۆریای باشوور، لە کۆتا گەڕی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالی داهاتوو ببەنەوە، بەڵام لەناو جەرگەی بەسڕە ئەم هەلەیان پێشکەشی رکابەرەکەیان کرد.
هەڵبژاردەی عێراق چانسێکی دیکەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی دوای نزیکەی 39 ساڵ، جارێکی دیکە بەشداری مۆندیال بکات، ئەویش قۆناغی چوارەم و کۆتایی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیایە. ئەو هەڵبژاردەیە بلیتی قۆناغی چوارەم و کۆتایی پاڵاوتنەکانی مسۆگەر کردووە.
لەم قۆناغە واتە قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکان لە سێ کۆمەڵەکە یەکەم و دووەم راستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیال، ئەو هەڵبژاردانەی پلەکانی سێیەم و چوارەمیش بەدەست دەهێنن، سەردەکەون بۆ قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکان و لەوێ دوو هەڵبژاردەی دیکە راستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیال، واتە عێراق چانسێکی باشی هەیە.
لە قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، شەش هەڵبژاردە بەشدارن واتە سێیەم و چوارەمی سێ کۆمەڵەکەی ئێستا کە قۆناغی سێیەمە. ئەو شەش هەڵبژاردەیە دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن.
کاتێک کە تیروپشکی قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال کرا، هەر هەڵبژاردەیەک سێ یاری لە یاریگای بێ لایەن دەکات. لە کۆتاییدا لە هەر دوو کۆمەڵەکە یەک هەڵبژاردە واتە پێشەنگی کۆمەڵەکە سەردەکەوێت و ئەو کات ژمارەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا دەبێتە 8 هەڵبژاردە بەشداری لە مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق ئەگەر لەم قۆناغەش نەتوانێت بلیتی مۆندیالی 2026 بەدەست بهێنێت، چانسێکی دیکەی بچوکی دەبێت ئەویش ئەگەر توانی بەشداری قۆناغی پاشکۆ بکات، ئەو کات بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی کیشوەرێکی دیکە رکابەری دەکات.