هێمن سەید موراد: پشتگیریی بە 60 بارهەڵگر دراوە تاکوو بەربوومی جووتیاران بگەیەننە بازاڕ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەروبوومی جووتیار لە ڕۆژانی پشووش هەر بەرهەم دێت و ناتوانرێت بەرهەمی بوەستێنرێت، چونکە بەرهەمەکانیان تێک دەچێت و لەناو دەچێت."
هێمن سەید موراد دەڵێت: ئێمە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین و و پشوومان فەرامۆش کردووە، تاکوو وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و هۆبەی چاودێریی عەلوەی هەولێر، پشتگیریی بدەین بە جووتیاران و ئەو بازرگانانەی بەرهەمی جووتیاران دەکڕنەوە.
ڕاشیگەیاند "ئەمڕۆ پشتگیریی بە 60 بارهەڵگر دراوە، تاکوو لە بازگەکانی حکوومەتی عێراقیش ڕێگرییان لێ نەکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی بە بازاڕکردنی بەروبوومی جووتیارانیان بۆ بڕەخسێت."
ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئەو بەرهەمانەی ئێستا بە بازاڕ دەکرێن، بەربوومی جووتیارانی خۆمانە و بەرهەمی ناوخۆیە، ئەمەش دوای ئەو بایەخپێدانەی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ، توانراوە بەربوومەکانی ناوخۆ لە دەرەوەی کوردستان بە بازاڕ بکرێت.