دوای 14 ساڵ، سووریا پەیوەندی بە سیستەمی دارایی 'سویفت' دەکاتەوە
دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی سووریا ڕایگەیاند، وڵاتەکە پەیوەندیی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی'سویفت'ەوە دەکاتەوە، کە زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی سزاکانەوە ڕۆژئاوا، سووریا لەو سیستەمە دابڕێنراوە.
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی سووریا، بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا سووریا بە تەواوی پەیوەندی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی سویفتەوە دەکاتەوە، گوتیشی: دوای 14 ساڵ لە شەڕ و سەپاندنی سزا، کە ئابووریی وڵاتەکەی بە تەواوی ئیفلیج کردووە، پەیوەندیی بە ئابووری جیهانییەوە دەکەنەوە.
گەڕانەوەی بۆ سویفت یەکەم هەنگاوی حکوومەتی نوێی سووریایە بۆ ئازادکردنی ئابووریی وڵاتەکەی، هەروەها بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی نوێ بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ ڕاکێشانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی.
عەبدولقادر حەسریە، نەخشەڕێگایەکی بۆ داڕشتنەوەی سیستمی دارایی و سیاسەتی دراوی وڵاتەکەی خستە ڕوو بە ئامانجی دووبارە بونیادنانەوەی ئابووریی سووریا.
ئاماژەی بەوەش دا، هیوادارە ڕەوتی وەبەرهێنانی بیانی بگەڕێنێتەوە و بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی لاببات و بەهای دراوی ناوخۆیی سەقامگیر بکات و چاکسازیی لە کەرتی بانکیدا بکات.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا بەڕۆژنامەکەی گوت: "ئامانجمانە وێنەی وڵاتەکەمان وەک ناوەندێکی دارایی نیشان بدەین، بە ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووری، هەروەها پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتووە، بەڵام هێشتا کاری زۆر لە پێشە."
سوریا لە ساڵی 2011ەوە لە بازاڕە جیهانییەکان دابڕاوە، کاتێک بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا بە توندوتیژی و سەرکوتکردن وەڵامی ڕاپەڕینێکی جەماوەری دایەوە، دواتر شەڕی ناوخۆی لێ کەوتەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا، کەسێکی تەکنۆکرات و ڕاوێژکاری ئابوورییە و ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر داڕشتنی چەندین یاسای دارایی سەردەمی ئەسەد دەکات. لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەستی بە کارکردن کردووە لەسەر پلانی سەقامگیری کە شەش بۆ دوانزە مانگ دەخایەنێت.
پلانەکە، بریتییە لە چاکسازی لە یاساکانی بانکی و بانکی ناوەندی، دووبارە داڕشتنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پارەدارکردنی خانووبەرە و هاندانی پەنابەرە سووریەکان بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا.
گەڕانەوەی سووریا بۆ سویفت بەو مانایەیە کە بانکە ناوخۆییەکان دەتوانن بە فەرمی پارە بنێرنە دەرەوە و وەری بگرنەوە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکات و دەرگا بەڕووی وەبەرهێنان و حەواڵەکردن دەکاتەوە.
