بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر: هەزار و 461 سەر ئاژەڵ لە چوار ڕۆژی جەژن کراونەتە قوربانیی

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:  لە چوار ڕۆژی جەژندا هەزار 461 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لە کوشتارگەی هەولێر سەر بڕاون و کراونەتە قوربانیی، سەرباریی ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی  کوشتارگە و بە جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان سەربڕاون، ڕاشیگەیاند: 15 کەس بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستیی، بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، 270 سەر ئاژەڵی گەورە لە ڕەشە وڵاغ و هەزار و 190 ئاژەڵی بچووکیش لە کوشتارگەی هەولێر سەر بڕاون، لەگەڵ ئەوەی پار، 201 سەر ئاژەڵی گەورە و 672 سەر ئاژەڵی بچووک سەربڕان، کۆی ئاژەڵی قوربانیی لە ساڵی 2024، تەنها 872 سەر ئاژەڵ بوون، بەمەش جیاوازیی ئاژەڵی قوربانیی ئەمساڵ لەگەڵ پار، سەدا 37.4 ـە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەوانی هەولێر و پۆلیسی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی، دەستییان بەسەر 122 ئاژەڵی بچووک و ئاژەڵێکی گەورە(ڕەشە وڵاغ) دا گرتووە کە خەڵکێک بەنیازبوونە لەنێو گەڕەکەکان و سەر کۆڵانەکان دوور لە ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتارگەی هەولێر سەریان ببڕن و بیانکەنە قوربانیی.

هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوە کرد، 9 سەر ئاژەڵی بچووک لە کوشتارگەی هەولێر بۆ سەر بڕین ڕەت کراونەتەوە لەگەڵ دوو سەر ئاژەڵی گەورە، لە دوای سەربڕینی ئاژەڵەکانیش، پشکنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەکان کراوە و دەرکەوتووە کە 2 هەزار و 279 کیلۆ گۆشت لە ژمارەی هەموو ئەو ئاژەڵانەی سەر بڕاون، بە کەڵکی خواردن نایەن، بۆیە لە پلەی گەرمی 1200 پلەی سیلیزی ئەو ڕێژە گۆشتە سوتێنراوە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: 15 کەس بە فەرمانی دادوەر لەلایەن لێژنەکانی قایمقامییەتەوە دەستگیرکراون چونکە پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و ئاژەڵیان لە کۆڵان و گەڕەکەکان و مەیدانی ئاژەڵان سەر بڕیووە، ئاشکراشی کرد، کارمەندێک و قەسابێکی کوشتارگەی هەولێر لە ڕۆژانی جەژن و لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵاندا برینداربوونە.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment