وەزیری کشتوکاڵ: دەرفەتی زۆری وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا لە کوردستان هەیە

شاندێکی حکوومەتی هەرێم بە یاوەری 20 کۆمپانیای کوردستان بواری جیا جیا، لە کۆڕبەندی ئابووری لاهای هۆڵەندا بەشدارن، کۆڕبەندەکە بە بەشداریی 25 وڵاتی جیهان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان دەستی بەکارەکانی کردووە، وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆڕبەندەکە بەشدارە، ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم پاڵپشتی لە وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان، جیاواز لە عێراقیش، دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەڕەخسێنێت کە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆڕبەندی پەرەپێدانی ئابووری نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەرفەت هەیە کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لەچەندین بواری جیاواز لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، هاوکات بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم گوتی: هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانییەتی، بۆیە دۆخەکە گونجاوە بۆ وەبەرهێنانی بیانیی لە هەرێمی کوردستان.
بێگەر تاڵەبانی گوتی: سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا و توانای حکوومەتی هۆڵەندا، بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکێ لەو وەچەرخانانەی بە گرنگییەوە دەیبینین، هاوکات کردنەوەی دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا و حکوومەتی هۆڵەندا بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی، زەمینەیەکی لەباری هەیە، سەرەڕای ئەوەش پاڵپشتییەکی باشی حکوومەتی هەرێم هەیە لە زەمینەسازیی و ڕەخساندنی دەرفەتی بەیەکەوەیی کارکردن لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە کابینەی نۆیەم بە دەرکردنی یاسای تازە و هەمووارکردنەوەی بەشێک لە یاساکان، هاوکات ڕێنمایی پێویست بۆ نەهێشتنی ڕۆتین، تایبەتتریش، پاڵپشتیی کردنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکان کە ئێمە بە جیاواز لەگەڵ عێراق کاری لەسەر دەکەین.
هاوکات لە کۆڕبەندەکەدا، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هۆڵەندا هەمیشە پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەرفەت هەیە کۆمپانیاکانیان لە چەندین بواری جیاواز، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
محەممەد شوکری گوتی: دەخوازین، ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان وەبەرهێنەرانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان ئیمزا بکرێت، بۆ ئەوەی کار و پرۆژەی زیاتر لەنێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان بکرێت، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، دەرفەتی وەبەرهێنان لە چەندین کەرتی جیاواز جگەلە دەرفەتی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەکرێ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا سوود لەم دەرفەتانەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمیش بەشداریی کۆڕبەندەکەیە و دەڵێت: لەگەڵ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا، باسی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، گوتی: ئامانجی بەشداریی کردنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری لاهای ئەوەیە، لە پشت بەستن بەیەک سەرچاوەی داهات، هەنگاو بۆ پشت بەستن بە بەرهەمهێنان بنێت، چونکە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و هەمەجۆرکردنی ئابووری، یەکێ لە سیما پیشکەوتووەکانی هەر وڵاتێکە ئەگەر بیەوێت بنەمایەکی بەهێز بۆ ئابوورییەکەی دابنێت.