بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیزت کوردستان: دەمانەوێت ژماره‌ی گەشتیاران بۆ هەرێم بۆ 20 ملیۆن زیاد بکەین

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان دەستی پێ کرد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیزت کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بووژانەوەی گوند و شارۆچکەکان، گەشتیارێکی زیاتر ڕوو لەم ناوچەیە بکات.

سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، دابان حەمید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیزت کوردستان لەکاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڤیزت کوردستان ڕاگەیاند: لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی چاکسازیی گەورە لە کوردستان دەستی پێ کردووه‌، ئەم پڕۆژەیە دنیابینی سەرۆک وەزیرانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان و دەبێتە هۆی بووژانەوەی گوند و شارۆچکەکان، گەشتیارێکی زیاتر ڕوو لەم ناوچەیە ده‌كات.

دابان حەمید گوتیشی: کەرتی گەشتیاریی بەهێز هۆکارە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چەندین ڕێککەوتن لەگەڵ براندە جیهانییەکان ئیمزا دەکەین، باڵیۆزی تایبەتمان دەبێت، بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران لە وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەش، دەمانەوێت لە ساڵانی داهاتوو ژمارەی گەشتیاران لە هەرێم بۆ 20 ملیۆن زیاد بکەین.

باسی لەوەش کرد، ڤیزت کوردستان تەنیا کامپینێک نییە، بەڵکوو ستراتیژیێکە و دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە خزمەت بە هاووڵاتیان بکەین، بە کردەیی نەوەک تەنیا بە دروشم.

دامەزراوەکە هەلی کار بۆ 500 کەس دەڕەخسێنێت کە کەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان پێش دەخات، هاوکات کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی گەشتیاریی پێویست لە هەرێمی کوردستان دەکات.

هەڵمەت کێستەیی، گوتەبێژی دامەزراوەکە, بە کوردستان24ـی گوت: "Visit Kurdistan، دامەزراوەیەکی ناحکوومەتییە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دامەزراوە، لە چوارچێوەی کەرتی گەشتوگوزار کار دەکات و مەبەست لێی نیشاندانی شوێنە سروشتییەکانی کوردستانە بە جیهان."

وەکوو ئەوەی گوتەبێژی دامەزراوەی 'ڤێزت کوردستان' باسی کرد "ئامانجی دامەزراوەکە بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوزاری و ڕاکێشانی گەشتیاریی نێودەوڵەتییە بۆ ناوچەکانی کوردستان." گوتیشی: هەوڵ دەدەین تا ساڵی 2035 زیاتر لە 20 ملیۆن گەشتیار بهێنینە هەرێمی کوردستان. هەروەها دامەزراوەکە هەلیکار بۆ زیاتر لە 500 کەس دەڕەخسێنێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment