مەسرور بارزانی: هاتنی گەشتیاران دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵبوونی کولتوورەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری داوە، گوتیشی: لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن کە لە ئاستی جیهانیدا زۆر ناسراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا، دامەزراوەی ڤیزت کوردستان ڕاگەیەنرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، سەکۆ و پلاتفۆڕمی ڤیزت کوردستان دەستپێشخەرییەکی دیکەیە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێم.

هاوکات ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری داوە، لە ڕووی گەشتیارییەوە خاوەنی بنەما و پێگەیەکی گرنگ و شایستەین، کە دەکرێت ببێت بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات و دەرفەتی کاری زۆر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.

مەسرور بارزانی، دووپاتی کردەوە، کوردستان خاوەنی دیمەن و سروشتێکی جوان و دڵگەشە، کە دەکرێت سوود لە هەر چوار وەرزەکە وەربگیرێت لە بواری گەشتوگوزارییەوە، لە ڕووی مێژووییەوە خاوەنی دەیان ناوچە، شوێن و داستانی گرنگی مێژووی شوێنەوارین، کە گەشتیارانی بیانی دەتوانن سەردانی بکەن.

باسی لەوەش کرد، چەندین شوێنی مەزاری کۆن، دێرین و پیرۆزی ئایینیمان هەیە، وەک؛ مزگەوت،  پەرستەگە و کڵێسا. کوردستان وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتیی هەموو پێکهاتەکانە.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش کرد، لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن لە ئاستی جیهانیشدا زۆر ناسراون، بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر، هەروەها وڵاتی ئێمە کە بە وڵاتی میزۆپۆتامیا ناسراوە، نیشتمانی دەیان داستانی ئەدەبی و مێژووییە، لەوانە داستانی گلگامێش، کە هی سەردەمی سۆمەرییەکان و هاتنی ئەسکەندەری مەزنە بۆ ئەم ناوچەیە.

لەبارەی هاتنی گەشتیارانەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە، لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیادا ڕاگەیاندن و  سۆشەڵ مێدیا، دەتوانن ڕۆڵیکی کارا و ئەرێنی لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستان بگێڕن.

مەسرور بارزانی، سەبارەت بە ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئامانجی حکوومەتەکە ئەوەیە کە بە هاوکاری کەرتی تایبەت بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو 20 ملیۆن گەشتیار ڕابکێشێت بۆ سەردانی هەرێم.

گوتیشی: ڤیزت کوردستان نموونەیەکی کارکردنی هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتییە، بۆ هاندان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم سەکۆیە نموونەیەکی تەواوکاری کار و پلانەکانی حکوومەتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ئابووری هەرێمی کوردستان.

پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت.

هەروەها دووپاتی کردەوە، بە دڵنیاییەوە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی لەم هەوڵانەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: ئێمە هەموو پابەندییەکی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت. بەڵام بە داخەوە  ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنناش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە. 

لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتتدار لە بەغدا، بە ئاگر، ئاسن و بەکارهێنانی هەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە و بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین، بۆیە هیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت. 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

ئێوارەتان باش

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم ڕێورەسمەدا، کە تایبەتە بە کردنەوەی سەکۆ و پلاتفۆرمی ڤیزیت کوردستان. دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەو سەکۆیە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ئەم سەکۆیە، دەستپێشخەریەکی دیکەیە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان .

حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاریی داوە. بێگومان هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتیارییەوە، خاوەنی بنەما و پێگەیەکی گرنگ و شایستەیە و دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان برەخسێنێت.

کوردستان خاوەنی دیمەن و سروشتێکی جوان و دڵگەشە، کە دەکرێ سوود لە هەر چوار وەرزەکە وەربگیرێت لە بواری گەشتوگوزارییەوە.  لە ڕووی مێژووییشەوە ، ئێمە خاوەنی دەیان ناوچە و شوێن و داستانی گرنگی مێژوویی و شوێنەوارین کە گەشتیاران ، بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی،  دەتوانن سەردانیان بکەن. بۆ نموونە چەندین شوێن و مەزاری کۆن و دێرین و پیرۆزی ئایینی وەک مزگەوت و کلێسا و پەرستگەی هەموو ئایینەکان لە کوردستان هەن وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان. هەروەها لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن کە لە ئاستی جیهانیشدا، زۆر ناسراون بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر. هەروەها وڵاتی ئێمە کە بە وڵاتی میزۆپۆتامیا ناسراوە نیشتمانی دەیان داستانی ئەدەبی و مێژووییە لەوانە داستانی گلگامێش ( گردگامێش )ی سەردەمی سۆمەرییەکان و شەڕی گۆگامێلا و هاتنی ئەسکەندەری مەزن بۆ ئەم ناوچەیە .

هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان ، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت . لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا ، ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا ، دەتوانن ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.

ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە هاوکاری کەرتی تایبەت،  بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا،  20 ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین بۆ سەردانی وڵاتەکەمان.  ( ڤیزیت کوردستان)یش نموونەیەکی کارکردنی هاوبەشیی کەرتی تایبەت و گشتییە بۆ هاندان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم سەکۆیە  نموونەی تەواوکەری کار و پلانەکانی حکومەتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و سەرەنجام بەهێزکردنی ئابووری کوردستان.

ئامادەبووانی بەڕێز:

وەک ئاگادارن ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕێورەسمە دەکەین کە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە ، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت، کە بە دڵنیاییەوە، لەم هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. 

ئێمە هەموو پابەندییەکی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە. چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا ، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت. بەڵام بە داخەوە  ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو رێککەوتنناش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.  

بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارهێنانی هەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوەو بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە . بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت. 

ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین.هیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندی هەموولایەکدا بێت. 

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم سەکۆیە گرنگەتان لێ دەکەم و دەستخۆشی لە هەموو بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەم دەستپێشخەرییە دەکەم و هیوادارم هەمیشە وڵاتەکەمان لە پێشکەوتنی زیاتردا بێت.

 

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment