ئۆپێک: تاوەکوو 25 ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت زیاتر دەبێت

هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی ئۆپێک، پێشبینی دەکات لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر نەوت زیاد بکات چونکە ژمارەی دانیشتوانی جیهانیش زیاد دەبێت.

هەیسەم غەیس، لە میانی بەشداریکردنی لە پێشانگای وزەی جیهانی لە شاری کالگاری کەنەدا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات پێویستیی وزەی جیهان بۆ ساڵی 2050، بە ڕێژەی 24% زیاد بکات، کە لەو ماوەیەدا خواست لەسەر نەوت لە ڕۆژێکدا زیاتر لە 120 ملیۆن بەرمیل بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێوشوێنانەی کە کەرتی نەوتی کەنەدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە ساڵانی ڕابردوودا گرتوویانە بەر، ڕێکخراوی ئۆپێکیان سەرسام کردووە.

کەنەدا لە ساڵی 2024دا، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی زیاد کردووە، چونکە دوای فراوانکردنی بۆرییەکانی ترانس ماونتێن توانای کۆمپانیاکان بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بەرز بووەتەوە.

ئۆپێک بە خێرایی بڕیاری کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەڵوەشاندەوە، لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمموزدا، بەرهەمهێنانی 411 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی زیاد کرد.

ئەمینداری گشتی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکوومەت و کۆمپانیاکان بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ کەم کردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی نەوت و گاز. 

 
 
Fly Erbil Advertisment