لەبەر بێ پارەیی خانەنشینانی تورکیا جەژنیان لە پارکەکاندا بەڕێ کرد
لە جەژنی قورباندا ملیۆنان هاووڵاتیی ئیستانبوڵ، بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکارەکانیان، سەردانی شارەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە، بەڵام خانەنشینان بەهۆی زۆریی تێچووی گەشت و نەبوونی پارە، پشووەکەیان لە ماڵەوە و لە پارکەکاندا بەسەر برد.
خانەنشینێک دەڵێت: "لەبەرئەوەی مووچەکەمان کەمە و خەرجیی گەشت زۆرە، ئیستانبوڵمان بەجێ نەهێشتووە. ناتوانین لە ماڵەکانمان دەربچین بۆ کڕین یان خواردنی هەر شتێک کە بمانەوێت. تەنانەت ناتوانین هەناسە بدەین. خانەنشینان لە ئێستاوە مردوون. ئەوان (دەسەڵات) گرنگی بە هیچ کەسێک نادەن. بە 14 هەزار و 500 لیرە چی دەکەین؟ ئێمە ناتوانین هیچ بکەین. زۆر زۆر قورسە."
هەروەها هەندێک له خانەنشینان دەڵێن: مووچەکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەمەش وای کردووە، نەتوانین بۆ جەژنی قوربان، ئاژەڵ سەرببڕن و گۆشت بۆ جەژن بکڕین.
ئەوان لە ماڵەوە بە دڵێکی شکاوەوە پێشوازییان لە جەژن کرد.
خانەنشینێکی دیکە ئاماژە بەوە دەدات "لە جەژندا لە ماڵەوە بووین. ئێستا، هەندێک جار دەچینە دەرەوە بۆ پارکەکان. 20 ساڵ لەمەوبەر جەژن هەبوو و خۆش بوو. تەمەنم 67 ساڵە و لە ژیانمدا جەژنێکی وا خراپ و نەگبەتم نەبینیوە."
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا لە پلەی یەکەمی هەڵاوسانی نرخی خۆراک لە نێو وڵاتانی ڕێکخراوی گەشە و هاوکاریی ئابووری دایە و وڵاتەکە بە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا تێ دەپەڕێت.