ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارێکی دژی ئێران دەرکرد
پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، بڕیارنامەیەکیان دژ بە ئێران پەسەند کرد.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بڕیارنامەیە، پێشتر لەلایەن سێ وڵاتی ئەورووپایی و ئەمەریکاوە ئامادە کرابوو، کە تێیدا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن، پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوانیان نەبووە، ئەگەر لەسەر ئەوە بەردەوام بێت، ئەوە یەکێتیی ئەورووپا سزا داراییەکانی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا، بریتین لە، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئسپانیا، ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەلجیکا، ئیکوادۆر، ئۆکرانیا، کەنەدا، جۆرجیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مەغریب، ئیتالیا، لوکسەمبۆرگ، هۆڵەندا و کۆلۆمبیا، هەروەها ڕووسیا، چین و بۆرکینافاسۆش دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارنامەکە نەدا بریتین لە ئەفریقای باشوور، هیندستان، پاکستان، میسر، ئیندۆنیزیا، بەرازیل، غانا، تایلەند، جەزائیر، ئەرمەنستان و بەنگلادیش.
پێشتر، ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەم بڕیارنامە سیاسی و نەگونجاوە پەسەند بکرێت، ئەوا ئێران ڕاستەوخۆ هەنگاوی تەکنیکی تایبەت دەگرێتە بەر.
هەر پاش ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی بڕیارنامەکە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران فەرمانی پێویستی داوە بۆ ئەوەی ناوەندێکی تازەی پێتاندنی یۆرانیۆم لە جێگەیەکی سەلامەت، بەکار بخرێت و ئامێرە کۆنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەندی ئەتۆمیی (فەردو) بە ئامێری تازەی جۆری نەوەی شەشەم، بگۆڕدرێن.