پشکەکانی کۆمپانیای بۆینگ بە ڕێژەی 8% دابەزین

دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هیندستان، کە دروستکراوی کۆمپانیای بۆینگ بوو، پشکەکانی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی 8% دابەزین.
پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا، کە دروستکراوی کۆمپانیای بۆینگ بوو، لە بازاڕە داراییەکانەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بووە هۆکاری دابەزینی پشکەکانی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی 8%
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای بۆینگ دوای چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوە و مشتومڕ لە دوو ڕووداوی کوشندە کە لە ساڵی 2018 و 2019، ڕوویان دابوو، هەوڵ دەدات متمانەی سەلامەتی بۆ فڕۆکەکانی بگەڕێنێتەوە.
دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، کۆمپانیای بۆینگ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئاگاداری ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانە و کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فڵایت ڕادار24، فڕۆکە تێکشکاوەکەی هیندستان، لە جۆری بۆینگ 787 بووە بە ژمارەی تۆماری VT-ANB و لە ساڵی 2014ـدا ڕادەستی کۆمپانیای ئێر هیندستان کراوە و مۆدێرێنترین جۆری فڕۆکە بووە.
پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لەجۆری بۆینگ 787، لە فڕۆکەخانەی ئەحمەدئابادی هیندستانەوە، بە 292 سەرنشینەوە بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا فڕی، هێندە لە فڕۆکەخانەکە دوور نەکەوتەوە، کەوتە خوارەوە و تێک شکا، دووکەڵی تێکشکانی فڕۆکەکەش بە ئاسمانی شارەکە بەرز بووەوە.
لەم بارەیەوە پۆلیسی هیندستان ڕایگهیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە، بە سەرنشینانی فڕۆکەکە و ئەو کەسانەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بوونەتە قوربانی، زیاتر لە 290 کەس گیانیان سپاردووە.