وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی دواخست

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر، هەموو تاقیکردنەوەکانی ئەم هەفتەی قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکانی دواخست. 

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە لەبەر بەرژەوەندی گشتیی ئەم هەفتەیە واتە لە سبەی ڕۆژی شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومیەکان بە قوتابخانە ناحکوومییە نێودەوڵەتیەکانیشەوە تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە و  تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکوومی و ناحکوومیەکانیش بۆ هەفتەی داهاتوو دوا دەخرێت.

ئاماژەشی داوە، لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن و دواتر لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی: تاقیکردنەوەی قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتەکەمان لە کاتی خۆی بەڕێوەدەچێت.

هەروەها وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەی قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان لە کات و بەپێی خشتەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەدەچێت.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان ئاگادار دەکەنەوە، کە تاقیکردنەوەکانی گشتی پۆلی (12) خولی یەکەم و تاقیکردنەوەی  نیشتمانی پۆلی ( نۆ ) خولی دووەم و پۆلە ناکۆتاکانی خولی دووەم، لەسەر خشتەی دیاری کراو بەڕێوە دەچێت و دواناخرێت.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment