هەرێمی کوردستان.. نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی ناجێگیرە

نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، ئەمڕۆ چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە پێی گوتەی گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر، نرخی ئێستای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەراورد بە دوێنێ دابەزیوە.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی ناجێگیرە و ئەمڕۆ چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەرز بووەوە و هەر 100 دۆلارێک بە 149 هەزار و 500 دینار، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە مامەڵەی پێوە دەکرا.
گوتیشی: نرخی ئەمڕۆش هەر 100 دۆلارێک بە 144 هەزار و 500 دینار، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرا.
کەیفی خۆشناو، جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەو ئەو شەڕەی کە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دروست بووە، زوو زوو نرخی دۆلار گۆڕانی بەسەردا دێت، تا بارودۆخ بەم شێوەیە بێت نرخەکەش هەروا دەگۆڕێت.