بایرن میونشن رووبەڕووی یانەیەکی نیمچە پیشەگەر دەبێتەوە

بایرن میونشن
بایرن میونشن

ئامادەکارییەکانی یاریزانانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا کۆتاییان پێهات، بۆ یاری یەکەمیان لە مۆندیالی یانەکان بەرامبەر یانەی ئاوکلاند سیتی نیوزلەندی کە بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر حەوتی ئێوارە رووبەڕووی یەکتری ببنەوە.

بایرن میونشن خاوەنی دوو ناسناوی مۆندیالی یانەکانی پێشوو، دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە لە شێوازی نوێی پاڵەوانێتیەکە ناسناوەکە بباتەوە، یانە ئەڵمانیەکە پێشتر لە مۆندیالی یانەکان لە ساڵانی 2013 و هەروەها 2020 بووەتە پاڵەوان.
یانەکەی هەرێمی باڤارییا لە کاتێکدا بەشداری مۆندیالی یانەکانی کردووە، ئەم وەرزە توانی ناسناوی بۆندزلیگا بباتەوە، بۆیە دەیانەوێت بە سەرکردایەتی هاری کەین گۆڵکاری ئینگلیزی یانەکان، رکابەری بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی یانەکانیش بکەن.

ڤینسێنست کۆمپانی راهێنەری بەلجیکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گووتی، ئەوان بە هەموو هێزێکەوە بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکەن و هەموو ئامانجیانە ناسناوەکە ببەنەوە.

'' ئێمە هەموو کاتێک بە گرنگیەوە دەڕوانینە یارییەکان، بۆیە ئامانجمانە بە باشی دەست بە مۆندیالی یانەکان بکەین. ئامانجمانە سەرەتا قۆناغی یەکەم تێپەڕێنین، پاشان لە قۆناغەکانی داهاتوو رکابەرییەکی باشتر لەسەر ناسناوەکە بکەین. بۆیە بردنەوە لە یاری یەکەم زۆر گرنگە، رەنگە هەندێ کەس وا بیر بکەنەوە یارییەکی ئاسانمان لە پێشە، بەڵام بیردنەوەی ئێمە شتێکی دیکەیە و هەست پێدەکەین یارییەکی قورس دەبێت''.

ئۆکلاند سیتی نیوزلەندا رکابەرەکەی ئەمڕۆی بایرن میونشن گەورەترین یانەی ئۆقیانوسە و خاوەنی سێزدە ناسناوی چامپیۆنزلیگی ئەو کیشوەرە واتە ئۆقیانوسە، ئەو یانەیە یانەیەکی نیمچە پیشەگەرە و زۆربەی یاریزانەکانی ئەو یانەیە، بێجگە لە یاری تۆپی پێ پیشەی دووەمیان هەیە.
هەردوو یانەی بایرن میونشن و ئۆکلاند سیتی جاری یەکەمە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هەروەها یانە نیوزلەندیەکە پێشتر 11 جار بەشداری مۆندیالی یانەکانی کردووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە.

 
Fly Erbil Advertisment