پاریس سانجێرمان و ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ یەکەمجار رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

پاریس سانجێرمان پاڵەوانی ئەوروپا، بۆ جاری یەکەم بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات، لە بەختی ئەوان پاڵەوانێتیەکە فراوان کراوە و خەڵاتە داراییەکانیشی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کراون.

نزیکەی پازدە رۆژ لەمەوبەر پاریس سانجێرمان لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لە یاریگای ئالیانز ئارێنا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، بۆ یەکەمجار ناسناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، ئەو یانەیە بۆ یەکەمجاریش بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات.

عوسمان دێمبێلی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان و یەکێک لە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، بەهۆی ئەو پێکانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا تووشی بووە، ئەستەمە بەشداری ئەو یارییە بکات.

پاریس سانجێرمان دوایینجار نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر رووبەرووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووەوە، ئەویش لە قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ و لەو یارییە یانە ئیسپانیەکە، لە دەرەوەی یاریگای خۆی توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک براوە بێت.

لەلایەکی دیکەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەوانیش هاوشێوەی رکابەرەکەیان واتە پاریس سانجێرمان، جاری یەکەمە بەشداری مۆندیالی یانەکانی دەکەن، رۆخێ بلانکۆس بەگوێرەی ریزبەندی چوار ساڵی رابردووی یوێفا، توانی بلیتی بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان بەدەست بهێنێت.

دیێگۆ سیمیۆنێ راهێنەری یانەی ئیسپانیەکە، بۆ ئەم یارییە جولیان ئالڤارێز هێرشبەری یانەکەی بەردەست نابێت، ئەویش بەهۆی بەشداری کردنی ئەو یاریزانە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت سۆرلۆت لە شوێنی ئەو لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات.

بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی یانەکان، دوایین دەرفەتە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ ئەوەی بتوانێت لەم وەرزە ببێتە خاوەنی ناسناوێک، ئەو یانەیە نەیتوانی ناسناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا و هەروەها چامپیۆنزلیگ لەم وەرزە بباتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment