پێشنیار کراوە تارەمی لە هەولێرەوە گەشتی ئەمریکا بکات

مەهدی تارەمی هێرشبەری ئێرانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئەستەمە بتوانێت لەگەڵ یانەکەی، بەشداری مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا بکات.
هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی ئێران، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ گەرایەوە وڵاتەکەی، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی چەند رۆژێک پشوو وەربگرێت و پاشان گەشتی ئەمریکا بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکەی بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و داخستنی فڕۆکەخانەکان، ئەو یاریزانە لە وڵاتەکەی گیریخواردووە.
ئالفرێدۆ پێدۆلا رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان لە هەوڵی ئەوەدان رێگەچارەیەک بۆ گەیشتنی مەهدی تارەمی هێرشبەری یانەکەیان بدۆزنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە. ئەو رۆژنامەنوسە بڵاویشی کردووەتەوە یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەیە، تارەمی لە رێگەی زەمینی گەشتی عێراق بکات و دواترە لەو وڵاتەوە بە ئەمریکا گەشتی ئەمریکا بکات. نزیکترین بژاردەش بۆ ئەو یاریزانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە، بەڵام گەشتەکانی ئەم فرۆکەخانەیەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانە وەستاون.
ئینتەر میلان رۆژی 18ـی ئەم مانگە کاتژمێر 04:00 بەیانی بە کاتی هەولێر، لە یەکەم یاری خۆی لە کۆمەڵەی پێنجەمی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی مۆنتێری مەکسیکی دەبێتەوە.