خاوەنی 4 گۆڵەكەی بێنفیكا و بۆكاجۆنیۆرز قسەی دڵی خۆیان بۆ كوردستان24 كرد
كاردانەوەكانی ئۆتامێندی و دی ماریا بۆ كوردستان24 دەنگی دایەوە
لە یاریی لوتكەی مۆندیالی یانەكان، بۆكاجۆنیۆرزی ئارجێنتینا و بێنفیكای پۆرتوگالی بەیەك گەیشتن، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەك كۆتایی هات، لێدوانەكانی ئۆتامێندی بەرگریكاری ئارجێنتینی یانەی بێنفیكا لەبەردەم مایكی كوردستان24 هەرای نایەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە ئەنخیل دی ماریا لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند ناوبژیوان هۆكار بوو بۆ ئەوەی یارییەكە بە ئاراستەی توندوتیژی دا بچێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 17 حوزەیرانی 2025، لە كۆمەڵەی سێیەمی مۆندیالی یانەكان، لە یاریگەی هارد رۆك ستادیۆم تایبەت بە یانەی ئینتەر مەیامی، هەردوو یانەكانی بۆكاجۆنیۆرز و بێنفیكا بەیەكگەیشتن، لە یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكەی بێنفیكا لە لایەن دوو یاریزانە ئارجێنتینایەكەی (ئۆتامێندی و دی ماریا) تۆمار كران.
ئەمەش لە كاتێكدایە، ئۆتامێندی بەهۆی ئەوەی پێشتر یاریزانی یانەی ریڤەرپلەیتی ركابەری مێژووی بۆكاجۆنیۆرز بووە، بە هەمان شێوە ئەنخێل دی ماریاش یەكێك بووە لەو یاریزانە ئامادە نەبووە هەرگیز یاریی بۆ ریڤەرپلەیت بكات.
ئۆتامێندی لە رێگەی كوردستان24 پەیامێكی بۆ بۆكاجۆنیۆرز نارد
نیكۆلاس ئۆتامێندی بەرگریكاری یانەی بێنفیكا لە دوای یارییەكە لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بۆكاجۆنیۆرز بەختی هەبوو دوو گۆڵی كرد، ئەگەر كات هەبووایە دەیانتوانی گۆڵی زیاتر لە یارییەكە بكەن.
ئۆتامێندی بە كوردستان24ـی گوت: من هیچ کاتێک بۆکا جۆنیۆرزم خۆش نەویستووە، زۆر سەیرە هاندەران بە هەندێک دروشم ویستیان کەشوهەوای یارییەکە بشێوێنن، فیکە لێدان بووەتە نەریت لە تۆپی پێی ئارجێنتینا، پێموایە بە درێژایی یارییەکە فیکەیان بۆ من لێدەدا، بەڵام ئەمە گرنگ نییە.
ئۆتامێندی دەشڵێت: ئاشکرا بوو دەبوو گۆڵ بکەم، زۆر دڵخۆش بووم و وەکو هەموو جارێکیش زۆر ئاهەنگم گێڕا، هاوكات بۆكا بەختی هەبوو ئەگەرنا نەیاندەتوانی ئەم تاكە خاڵەش بەدەستبهێنن.
دی ماریا بۆ كوردستان24: ناوبژیوان هۆكاری توندوتیژی یارییەكە بوو
ئەنخێل دی ماریا كە ئەمە دوایین پاڵەوانێتییە بە درێسی بێنفیكا و لە دوای مۆندیالی یانەكان راستەوخۆ دەگەڕێتەوە یانەی رۆزاریۆ كە لەسەرەتای ژیانی پیشەگەری و منداڵی لەو یانەیە دەستی پێكردووە.
دی ماریا لەو یارییە گۆڵێكی بۆ بێنفیكا لە دژی بۆكاجۆنیۆرز تۆمار كرد، لە وەڵامێكی كوردستان24 رێگەی خۆش كرد یارییەكە بە ئاراستەی توندوتیژی دا بچێت، دەبوو لە سەرەتا کارتی زەردی زیاتر بەرز بکاتەوە، دەکرا یارییەکە باشتر بێت."
دی ماریا گوتیشی: هەوڵماندا لە یارییەکە براوەبین، لە نیوەی دووەم باشتر بووین، پێویست بوو ببەینەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەینە قۆناغی داهاتوو، بەڵام کارتە سوورەکە پلانی ئێمەی تێکدا.
دی ماریا لەبارەی ركابەرەكەی گرووپەكەیان لە مۆندیالی یانەكان رایگەیاند راستە ئۆکلاند سیتی بەرامبەر بایرن 10 گۆڵی لێکرا، بەڵام سەرجەم یارییەکان بۆ ئێمە گرنگن و دەمانەوێت یارییەکانی داهاتوو ببەینەوە، دەشڵێت: هیچ کاتێکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە بەشداریی مۆندیالی داهاتوو بکەم."
خاوەنی گۆڵەكەی بۆكا چی بە كوردستان24 گوت؟
میگێل مێرێنتیل، خاوەنی گۆڵی یەکەمی بۆکاجۆنیۆرز كە لە یارییەكە گۆڕانكاری پێكرا، رایگەیاند ئەوان دەیانزانی یارییەکەیان بەرامبەر بێنفیکا ئاسان نابێت، هەرچەندە گومانیان لەسەر لێدانە سزایەکە هەیە، بەڵام نامەوێت باسی بکەم.
میگێل لە بەرسیڤێكی كوردستان24 گوتی: "بەهۆی چەند هەڵەیەکی خۆمان، ئەوان توانیان ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، ئەم یارییە تێپەڕی و بیر لە یاریی داهاتوو دەکەینەوە، راستە کەمێک خەمبارم، چونکە دەبوو براوە بین و سێ خاڵەکەیان لێوەرگرین.
میگێل گوتیشی: بەڕاستی نەمدەویست راهێنەر گۆرانکارییم پێ بکات، دەمویست بمێنمەوە و بەرگری لە ئەنجامەکە بکەم، دەبێت بجەنگین لەپێناو یانەکەمان."
رۆدریگۆ شانازی بەخۆیەوە دەكات
رۆدریگۆ باتالیا خاوەنی گۆڵی دووەمی بۆكاجۆنیۆرز لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بە هیچ شێوەیەك نایەوێت باسی ئاستی ناوبژیوان بكات، دەشڵێت: ئەوەی گرینگ بوو بۆ من توانیم بۆ یەكەمجار لە مۆندیالی یانەكان گۆڵ بكەم.
باتالیا لە دوای یارییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بێنفیكا نزیك بوو لە دۆڕان، بەڵام لە 30 خولەكی كۆتایی گەڕانەوە، دەشڵێت: ئێمە لەم پاڵەوانێتییە هەمیشە متمانەمان بەخۆمان هەیە، لەگەڵ ركابەرەكانمان ئاستمان لەیەكتری نزیكە و دەتوانین لەم مۆندیالە پلەیەكی باش بەدەستبهێنین، ئەم یارییە لەبیر دەكەین و خۆمان بۆ یاریی داهاتوو ئامادە دەكەین.