'' ئامانجم نەهێشتنی مۆندیالی یانەکانە ''

بۆ جاری یەکەم مۆندیالی یانەکان لە مێژوو بە شێوازێکی نوێ و بە بەشداری 32 یانە دەستپێکرا، ئەو پاڵەوانێتیە کە راستەوخۆ لەلایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان '' فیفا '' سەرپەرشتی دەکرێت، رەخنە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و لە هەمان کاتدا زۆر کەسیش بە پاڵەوانێتیەکەی گونجاوی دەزانن.
هەر لەسەرەتای دروست بوونی بیرۆکەی بەشداری کردنی 32 یانە لە مۆندیالی یانەکان، خاڤیەر تێباس سەرۆکی ئەنجومەنی لالیگای ئیسپانیا، دژی ئەمجۆرە پاڵەوانێتیەکە بووە و بەردەوام رەخنەی لە رێکخەرانی مۆندیالی یانەکان گرتووە، ناوبراو بەم دواییە لە دیمانەیەکدا زۆر بە ئاشکرا باس لەوە دەکات، هەموو ئامانجی ئەوەیە رێگە نەدات جارێکی دیکە مۆندیالی یانەکان بەم شێوازەی ئێستا بەڕێوەبچێت.
تێباس لە دیمانەیەکدا لەبارەی شێوازە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکان کاتێک پرسیاری لێدەکرێت ئایا فیفا چۆن دەتوانێت ئەم پاڵەوانێتیە پێش بخات دەڵێت '' فیفا تەنها بە نەهێشتنی مۆندیالی یانەکان دەتوانێت ئەم کارە بکات، ئامانجی منیش زۆر روون و ئاشکرایە، ئەویش نەهێشتنی مۆندیالی یانەکانە ''.
خاڤیەر تێباس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی مۆندیالی یانەکان دەڵێت '' هەر کاتێک پارە و سامان تێکەڵ بە وەرزشکرا، ئەوا هیچ گرنگیە نامێنێت و هیچ کاتێکی گونجاویش بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتیە نابینم. من لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، تەنها 25 خولەک سەیری یاری چێڵسی و لۆس ئانجلێسم کردووە، یارییەکی زۆر ئاسایی و هاوشێوەی یاری دۆستانە بوو ''.