کاردانەوەی یاریزانانی ریڤەرپلەیت دوای یاری بەرامبەر مۆنتێری

دوای یارییەکەی نێوان ریڤەرپلەیت و مۆنتێری، لە گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکان، یاریزانانی یانە ئارجێنتیناییەکە بە ئامادەبوونی شکور محەمەد نێردراوی کوردستان24 بۆ مۆندیالی یانەکان لە ئەمریگا، باسیان لە یارییەکە کرد و یاریزانانی ئەو یانەیە، گەشبینن لە یاری داهاتوو دەتوانن بلیتی قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکە بەدەست بهێنن.
یاریزان میگل بۆرما لەبارەی یارییەکە دەڵێت '' دەمانزانی یارییەکی قورس چاوەڕێمانە، چەندین یاریزانی ئاست بەرز لە تیپەکەدا هەن، ئەوان لە هێرشی پێچەوانە زۆر خێرا و بەهێز بوون ، لەراستیدا ئێمە چاومان لەبردنەوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکە بەدڵی ئێمە نەبوو، یاری داهاتووشمان ئاسان نابێت، بەڵام دەمانەوێت لەو یانانە بین کە دەگاتە قۆناخی داهاتوو ''.
لەلایەکی دیکەوە ماکسیملیانۆ مێزە ئەو یاریزانەی ریڤەرپلەیتی ئارجێنتیناش دەڵێت '' یەکێک لەو یارییانە بوو کە زۆر قورسبوو، ئەوان بەهەموو شێوەیەک رێگەی گەیشتن بۆ ناو هێڵی سزایان لە ئێمە داخست، راستە ئامانجی بردنەوەمان هەبوو بەڵام گۆڵکردن ئاسان نەبوو، چەند هەلێکم بۆ رەخسا دەمتوانی گۆڵ بکەم، بەڵام چانس لەگەڵمدا نەبوو، هەروەها گۆڵپارێزی بەرامبەر زۆر باش یاریکرد، گرنگ ئەوەیە توانیمان لەکۆتاییدا خاڵێک وەرگرین، بەگشتی لە یارییەکە ئێمە باڵا دەستبووین و ئەوان بەرگرییەکی زۆر بەهێزیان کرد ''.
لە کۆتاییدا ئیگناسیۆ فێرناندێز ئەویش دەڵێت '' چەندین یاریزانی باش و هاوڕێی خۆمان لەمۆنتێری یاری دەکەن، خۆشحالبووم دوای ماوەیەکی زۆر ئەوانم بینیەوە ، لەم گرووپە زۆر ئەستەمە سێ خاڵ بەدەست بێنیت، یاری بەرامبەر ئینتەر و ئۆراوارێدی ژاپۆنیش زۆر قورسەو ئاسان نییە، لەم کۆمەڵە هەموو لایەک هەلی سەرکەوتنیان هەیە، بێگومان هەموو یانەکان دەیانەوێت بگەنە قۆناخی داهاتوو، هەروەا دەیانەوێت ئامادەکاری بۆ یارییەکانی داهاتوو بکەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بەووردی کار لەسەر ئەمە بکەین و بیر لەقۆناخی داهاتوو بکەینەوە ''.