ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، ڕایگەیاند، ئاگاداری دانیشتوانی پارێزگای هەولێر و دەوروبەر دەکەینەوە، ئێستا ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک لە سیستەم ڕاوەستاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ ڕاگیرانی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک بۆ ماوەیەکی کاتییە و دەست بەکار دەبێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە،29ـی ئایاری 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەفەرمی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک لە ناوەندی شاری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرجەم شارۆچکە و شارەدێکان کارا کرا و هاووڵاتییان دەتوانن بە مەبەستی نوێکردنەوەی پسوولەکانیان زانیارییەکانیان تۆمار بکەن.
سیامەند قادر، گوتی: تا ئەوکاتەی 50٪ـی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان نوێکردنەوەی پسوولەکانیان بە ئەپڵیکەیشن تۆمار نەکەن، بژاردەکانی دیکەی وەک، گواستنەوەی ناو و تۆمارکردنی ناوی منداڵ، کارا ناکرێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی سلێمانی بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییانی سنووری سلێمانی ئاگادار دەکەینەوە ئێستا پرۆسەی نوێکردنەوەی زانیاری هاووڵاتیان کارا کراوە، هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگای ئەم لینکەوە ئەپڵیکیشنی سیستەمەکە بەزمانی کوردی دابەزێنن بۆ نوێکردنەوەی زانیاریەکانیان.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350 هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی، لە هەڵەبجە کارا کرا.