بێلینگهام هەموو كەناڵەكانی جیهانی جێهێشت و قسەی دڵی خۆی بۆ كوردستان24 كرد
ئاردا گولەر، فران گارسیا و ڤاڵڤێردی وەڵامی پرسیارەكانی كوردستان24ـیان دایەوە
دوای بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر باچوکای ژاپۆنی، ئەستێرەکانی یانەی ریال مەدرید بە تایبەت وەڵامی کوردستان24ـیان یان دایەوە، جود بیلینگهام کۆنگرەی رۆژنامەوانی جێهێشت و بەجیاواز قسەی بۆ کوردستان24 کرد.
نێردراوی كوردستان24، شوكر محەمەد بۆ ئەمریكا بۆ رووماڵی مۆندیالی یانەكان، لە شاری چارلۆت لە یاریی ریال مەدرید و پاچوكای ژاپۆنی ئامادە بوو، كە تێیدا یارییەكە بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی ریال مەدرید كۆتایی هات، لە دوای یارییەكەش ئەستێرەكانی ریال مەدرید وەڵامی پرسیارەكانی كوردستان24ـیان دایەوە.
بێلینگهام بەرەو كوردستان24 هات
جود بێلینگهام ناوەراستكاری یانەی ریال مەدرید، سەرجەم كەناڵەكانی ئامادەبوونی كۆنگرەكەی جێهێشت و هاتە بەردەم مایكی كوردستان24 و بەشێوەیەكی جیاواز باسی لوكا مۆدریچی هاوڕێی كرد و رایگەیاند لوكا مۆدریچ زۆر ناوازەیە ئەو بۆ ماوەی چەند نەوەیەک یاری بۆ ریال مەدرید کردووە، دەشڵێت: هەر کاتێک مۆدریچ دەردەکەوێت هاندەران بۆی بە پەرۆشن، یاریزانەکانی ریال مەدرید زۆر شت لە ئەزموونی ئەو ناوەراستكارە كرواتییە فێربوون، وەکو یاریزان هەم وەک پیاو زۆر باشە، شانازی دەکەین لەگەڵ ئەو یاریمان کردووە، پێوستە چێژ لەو یارییانە وەرگرین کە لەگەڵ ریال مەدرید ماویەتی، ئەو لە پێنج یاری داهاتوو زیاتر خۆی دەردەخات.
ڤاڵڤێردی: تووشی ناڕەحەتی زۆر بووین
فیدریكۆ ڤالڤێردی ناوەراستكاری ریال مەدرید لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بەهۆی ئەوەی لە سەرەتاوە یاریزانێکیان بەرامبەر باچۆوكای ژاپۆنی کەمتربوو تووشی نارەحەتی زۆر بوون، دەشڵێت: یانەکان بەتایبەتی بەرامبەر ئێمە زۆر بەچڕی یاری دەکەن، بەڵام خۆشحاڵبووین توانیمان شوێنی ئاسینسیۆ پڕ بکەیەنەوە و بردنەوە بەدەست بێنین، خۆشحاڵم گۆڵم تۆمار کرد و یارمەتی هاورێیەکانم دا.
گارسیا سەرسامە بە ئاستی یانەكانی ئەمریكا
فران گاریسا بەرگریكاری ریال مەدرید بە كوردستان24ـی راگەیاند هەر لە سەرەتاوە بە 10 یاریزان زۆر ئەستەم بوو شوێنی ئاسینسیۆ پڕ بکەنەوە، دەشڵێت: تیپی بەرامبەر هێرشی پێچەوانەی خێرای هەبوو، بۆیە گێمی دووەم توانیمان یارییەکە هاوسەنگ بکەینەوە، سێ یاریزانی ناوەراست هاوکاری بەرگری بوون، بەڵام ئالۆنسۆ سوور بوو لەسەر ئەوەی شێوازی یاریکردنمان نەگۆڕین و هەوڵی گۆڵی زیاتر بدەین.
گارسیا هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەو یانانەی بەشذاری ئەم پاڵەوانییەتیە دەکەن باشترینی جیهانن، بۆیە هیچ یارییەک ئاسان نییە، رکابەری لە نێوان سەرجەم یانەکان هەیە، بەتایبەت ئەوروپیەکان دەیانەوێت بە بەهێزی بمێننەوە، بەڵام ئاستی یانە ئەمریکییەکان زۆر باشە و رووبەڕووی هەرتیپێك ببنەوە تووشی ئەستەمی زۆری دەكەن.
ئاردا گولەر بۆ كوردستان24: لەگەڵ ئالۆنسۆ دڵخۆشم
ئاردا گولەر هێرشبەری توركی ریال مەدرید لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند سەرەتاییەکی زۆرباشە لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ راهێنەری نوێی ریال مەدرید، دەشڵێت: لە یەكەم یاریدا تەنیا 45 خولەک یاریم کرد، بەڵام لە دووەم یارییم لەژێر سەرپەرشتی ئالۆنسۆ لە مۆندیالی یانەكان سەرکەوتنمان بەدەستهینا، دڵخۆشین بە ئاستی تیپەکەمان، زۆر حەزم لە ستایلی ئالۆنسۆیە، چونكە حەز بە كۆنترۆڵكردنی تۆپ و پاسی كورت هەیە.