ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی کاردانەوەکانی ئێران کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی کاردانەوەکانی ئێران و لێکەوتەکانی دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران کۆببێتەوە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژنامەنووسانی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەمشەو دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025, کاتژمێر 9ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاش بەشداری دەکات.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی سەنگەر ئاکرەی، نێردەی تایبەتی کوردستان24 لە کۆشکی سپی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە سەر چەند پرسێک کۆ دەبنەوە، کە گرنگترینییان هەڵسەنگاندنی کاردانەوەکانی ئێرانە لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و لێکەوتەکانی دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەبێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران تاوەکوو ئێستا، ئەمە دەبێتە سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کە دۆناڵد ترەمپ بەشداری تێدا بکات.

هەروەها لە کۆتا کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە بەشداری دۆناڵد ترەمپ، چاودێری ئۆپەراسیۆنی 'چەکوشی نیوەشەو'ـیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیبووی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتبوو "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.