شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: بەهێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوو سیستەمی ڕادار لەناو براون
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ڕایگەیاند، چاودێری دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان کردووە کە ئاسمانی بەغدایان بەزاندووە، یەکێکیان لە نزیک مووەلیدەیەکی کارەبا کەوتووەتە خوارەوە و ئەوی دیکەیان سەربازگەی تاجی بۆمباران کردووە.
سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، سەعد مەعن، ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو، ڕادارێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەربازگەی تاجی بۆمباران کردووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکەیەکی دیکە لە نزیک مۆلیدەی کارەبا کەوتووەتە خوارەوە، دەشڵێت، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەوەی ئاشکرا کردووە، ڕادارێکی دیکە لە بنکەی ئاسمانیی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆمباران کراوە و بەتەواوی لەناو براوە.
گوتیشی: دوای دوو کاتژمێر لە ڕووداوەکە، لیژنەیەکی وەزارەتی بەرگری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی و زیانەکانی شوێنەکە دەکات.
درەنگانی شەوی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران لە یەک کاتدا داوای ئاشتییان کردووە، ئێستا کاتی ئاشتییە و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی ڕاستەقینەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلن.
سەرۆکی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەش دا، لە داهاتوودا، ئێران و ئیسرائیل خۆشەویستی، ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەبینن. ئێستا هەردوو وڵات دەتوانن زۆر شت بەدەست بهێنن، بەڵام ئەگەر لە ڕێگەی ڕاست لابدەن زۆر شت لەدەست دەدەن.
دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا گوتی، جیهان پێشوازیی لهم بڕیاره دهكات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست كرد.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیەند "ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد."