قەتەر ڕێکاری یاسایی دژ بە ئێران دەگرێتەبەر
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، مەبەستمان نەبووە هێرش بکەینە سەر قەتەر، سەرۆک وەزیرانی قەتەریش لەو بارەیەوە دەڵێت، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر هێرشەکان دەگرینەبەر.
سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عودەید، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کردووە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بنکەی عودیدە لە قەتەر یاسایی بووە و بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان بووە.
دووپاتیشی کردەوە هێرشەکانیان بۆ سەر قەتەر نەبووە، بەڵکوو دەیەوێت لە سەر بنەمای دراوسێەکی باش پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێزتر بکەن.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند "پێشێلکردنی سەروەری قەتەر قبوڵکراو نییە، بە تایبەت کە هەوڵەکانی ئێمە هەمیشە بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکان و ڕێگە چارەی دیپلۆماسی بووە، بۆیە هەموو ڕێکارێکی دیپلۆماسی و یاسایی بەرانبەر ئەو هێرشانە دەگرینەبەر."
هیواشی خواست بە زووترین کات ئەو ناکۆکیە کۆنترۆڵ بکرێت.
داواشی لە ئەمەریکا و ئێران کرد سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
ڕۆژی دووشەممە23ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو، شەش مووشەکی ئاراستەی بنکەیەکی ئەمەریکی عودەید لە قەتەر کردووە. هاوکات ئۆپەراسیۆنی بەشارەتی فەتحی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردووە.
سێشهممه، 24ـی حوزهیرانی 2025، دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا له تویتێكدا ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگهیاند و گوتی، جیهان پێشوازیی لهم بڕیاره دهكات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست كرد.
سێشهممه، 24ـی حوزهیرانی 2025، ئاژانسی ههواڵی ڕۆیتهرز بڵاوی كردهوه، دۆناڵ ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكی به میری قهتهری ڕاگهیاندووه، ئیسرائیل لهسهر پێشنیازی ئاگربهست ڕازی بووه و داواشی لێ كردووه، هاوكار بن بۆ ئهوهی ئێرانیش ڕازی ببێت.