وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: زیاتر لە 147 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: لە هەولێر 38 هەزار و 85 کیلۆ گەنم وەرگیراوە، حکوومەتی عێراقی ڕایگەیاندووە، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا 147 هەزار و 247 تۆن و 975 کیلۆ گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە زۆرترینی لە سایلۆکانی پارێزگای سلێمانیە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاندووە: لە هەولێر 38هەزار و حەوت تۆن و 85 کیلۆ گەنم وەرگیراوە، لە دهۆک 49 هەزار و 714 تۆن و 480 کیلۆ وەرگیراوە.

هەر ئەمڕۆ جوتیارانی سنووری مەخموور لەبەردەم سایلۆی شارۆچکەکە گردبوونەوە، دژی داخستنی دەرگای سایلۆکە و جوتیارانی بەردەم سایلۆکە بە کوردستان24یان گوت، بەرهەمی گەنم لە سنووری مەخموور زیاتر لە 100 هەزار تۆنە، کەچی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 22 هەزار تۆن وەربگرێت. ئەمە بڕیارێکی ستەمکارانەیە، چونکە بڕێکی زۆر زۆر کەمە و زۆرینەی جووتیارانی ئەم ناوچەیە بە کورد و عەرەبەوە زیانێکی زۆر دەکەن.

ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە  و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment