لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا

لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

هەر ئەمڕۆ ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و یاسای بودجە جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە کە پابەند نەبووە. 

ڕێباز حەملان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بە هیوای بەغدا مووچەکە خەرج بکات و هیچ بەربەستێک لە بەردەمیدا دروست نەکات. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment