دۆری ئەبوزەید: باشترین هێڵەکانی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کاردەکەن

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان دەڵێت: فڕۆکەخانەی هەولێر یەکێک لە باشترین خزمەتگوزارییەکان لەسەرئاستی ناوچەکە پێشکەشی گەشتیاران دەکات و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکان هەبووە.
دۆری ئەبوزەید، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکان هەبووە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر کەرتی جیاواز هەبوو، نرخی تیکتە گەشتەئاسمانییەکان بەرزبوونەتەوە.
دۆری ئەبوزەید باسی لەوەش کرد، هەندێک بەربەست بۆ گەشتەکان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق هەیە و ئاسایش و سەقامگیری بۆ وەبەرهێنان گرنگە ئێوەش سەقامگیریتان هەیە.
دۆری ئەبوزەید ئاماژی بەوە دا، مەسرور بارزانی کاری ناوازەی کردووە هەوڵیداوە پەرە بە لایەنی کشتوکاڵ بدات و فرەچەشنی ئابووری بینێتەکایەوە، ئەو سەرنجی کۆمپانیا ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕاکێشاوە، هەر ئەمەش بووە هۆی پەرەپێدانی زیاتری ئابووری.
هەروەها گوتی: لەو بڕوایەدام ژمارەیەک لە باشترین هێڵەکانی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کاردەکەن و فڕۆکەخانەکەش باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات.
بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەستەی فڕۆکەوانی عێراق ئاسمانی وڵاتەکەی داخست و بەهۆیەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەستان.