ئەستێرەكانی ریال مەدرید نهێنی سەركەوتنەكەیان بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكەن
ڤینسیۆس بۆ كوردستان24: ناتوانم بە خێرایی خۆم لەگەڵ ئالۆنسۆ بگونجێنم
یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوەی لە ساڵزبێرگی نەمسایی بە پێشەنگی كۆمەڵەكەی گەیشتە قۆناغی 16ـی مۆندیالی یانەكان، لە دوای یارییەكەش ئەستێرەكانی ریال مەدرید وەكو هەمیشە وەڵامی پرسیارەكانی كوردستان24ـیان دایەوە، ڤینسیۆس گوتی: دەمەوێت بۆ هەتاهەتایە لێرە لە ریال مەدرید بمێنمەوە.
لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی یانەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە فیلادلفیا ریال مەدرید و ساڵزبێرگ بەیەكگەیشتن، یارییەكەش بە 3 گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی شایانەكانی ئیسپانیا كۆتایی هات، گۆڵەكانی ریال مەدرید، ڤینسیۆس جۆنیۆر، فیدریكۆ ڤاڵڤێردی و گۆنزالۆ گارسیا تۆماریان كرد.
ڤینسیۆس خەڵاتی پیاوی یارییەكەی پێبەخشرا، بەوپێیەی لە یارییەكە گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد، لە دوای یارییەكەش بە كوردستان24ـی گوت ئەم ئاسیستە یەكێك بوو لە جوانترین و نایابترین پاسەكانی ژیانی وەرزشیم.
ڤینسیۆس: ناتوانم بەخێرایی خۆم لەگەڵ ئالۆنسۆ بگونجێنم
ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری بەرازیلی یانەی ریال مەدرید كاتێك گەیشتە نێو هۆڵی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە پێش هەموو میدیایەكان وەڵامی شوكر محەمەدی نێردراوی كوردستان24ـی دایەوە و گوتی: ئەوەی دڵخۆشم دەكات هەست دەكەم هەموو مەدریدییەكان لە هەر شوێنێكی دونیا هەیە هەموویان منیان خۆشدەوێت، منیش دەمەوێت بۆ هەتاهەتایە لێرە لە ریال مەدرید بمێنمەوە و چیرۆكێكی نایاب لەگەڵ یانەكە بنووسمەوە.
ڤینی گوتیشی: ناتوانین تەواوی رێنماییەكانی ئالۆنسۆ بەخێرایی جێبەجێ بكەین، بەڵام وردە وردە خۆمان لەگەڵ پلانەكانی دەگونجێنین، ئەو راهێنەرە لاوە رۆژ بە رۆژ پێمان دەڵێت دەبێت پێویستە چی بكەین، ئەو پێگەیەی ئێستا یاریی تێدا دەكەم كەمێك قورسە و پێشتر ئانچیلۆتی لەو شوێنە یاریی پێكردووم، ئێستا ئالۆنسۆ منی گەڕاندووەتەوە هەمان شوێن، هەوڵدەدەم لەوە تێبگەم راهێنەر چی لە من دەوێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ڤینی رایگەیاند خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەكە راستە بۆ ئەو بووە، بەڵام دەیگەڕێنێتەوە بۆ ماندووبوونی تەواوی یاریزانەكان، دەشڵێت: سەیری دووبارەكردنەوەی گۆڵ و ئاسیستەكەی خۆم نەكردووەتەوە، بەڵام پێموایە ئەو ئاسیستەی بۆ ڤاڵڤێردی كردم یەكێك بوو لە جوانترین پاس و ئاسیستەكانی ژیانی وەرزشیم.
هێرشبەرە بەرازیلییەكەی ریال مەدرید گوتیشی: كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكە زۆر خۆش بوو، چونكە لە شەوان بەڕێوەچوو، بۆیە لەم یارییە كەسمان گلەییمان نەبوو، ئاستێكی باشمان پێشكەش كرد، هەرچەندە لە نیوەی دووەم وەكو پێویست نەبووین، بەڵام بڕیارمانداوە هیچ خاڵێكی دیكە لەدەست نەدەین و دەمانەوێت تا كۆتایی بجەنگین و نازناوەكە ببەینەوە.
ڤینی هێمای بۆ ئەوەش كرد دەبێت یاریزانە بەرازیلییەكان شانازی بەخۆیان بكەن كە لە مۆندیالی یانەكان بەشداریی دەكەن، دەشڵێت: ئێمەش پەروەردەی ئەو یانەكانی بەرازیلین و گەیشتووینەتە ئەورووپا، بێگومان یاریكردن بەرامبەر یانەكانی بەرازیل ئاسان نییە.
چوامینی: ئالۆنسۆ داوای لێكردووم خۆم باشتر بكەم
چوامینی بەرگریكار و ناوەڕاستكاری ریال مەدرید لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند چابی ئالۆنسۆ داوای لێكردووە لەڕووی بەرگرییەوە ئاستی خۆی زیاتر پێشبخات، دەشڵێت:
ئالۆنسۆ بۆ هەر یارییە و پلانێکی ورد و تایبەتی هەیە، هەستێكی بۆ ئێمە دروستكردووە كە دەتوانین ئەم نازناوە ببەینەوە، خۆشبەختانە لەم یارییەش ئاستێكی ناوازەمان پێشكەش كرد و بە یەكەمی كۆمەڵەكەمان گەیشتینە قۆناغی داهاتوو.
چوامینی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت: ئێوەی ڕۆژنامەنووسانیش هەستان بەوە کرد كە ریال مەدرید لەم یارییە بەشێوەیەك دەركەوت كە هیچ كەسێك ناتوانێت گلەیی لێ بكات، بینیتان جود بێلینگهام و ئارادا و ڤالڤێردی چۆن دەستیان بەسەر ناوەراستی یاریگەدا گرتبوو.
چوامینی دەشڵێت: هەمیشە چابی ئالۆنسۆ لە کاتی مەشق و یارییەکان بە بەردەوامی رێنماییەکانی دەگەیەنێت بەتایبەتی هەندێ کات ئاگادارمان دەکاتەوە بە وریای شوێنەکانمان بپارێزین، لە هەموو هێڵەکاندا داوامان لێدەکات هاوکاری یەکتری بکەین، پێمان دەڵێت گرینگ نییە لە پێکهاتەکەی سەرەكی بیت یان لەسەر كورسی یەدەگ، گرینگ ئەو
وەیە دەبێت باشترین ئاستی خۆتان دەربخەن و كێبڕكێ لەسەر پێگەی خۆتان لە ریال مەدرید بكەن.
چوامینی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هەست دەكات ئالۆنسۆ دەتوانێت ریال مەدرید بە تەواوەتی بەرەوپێشتر ببات، لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەوەی ئێمە هەستمان پێكردووە راهێنەر پلانی هەیە و دەتوانێت هەموو شتێك بە باشی بگۆڕێت، دڵنیام ئەگەر هەموومان پابەندی پلان و رێنماییەكانی ئالۆنسۆ بین، دەتوانین دەستكەوتی زۆر گەورە لەگەڵ ئەو راهێنەرە بەدەستبهێنین.
ئارنۆڵد: چیتر بیانووم نەما
ئەلێكساندەر ئارنۆڵد، بەرگریكارە نوێیەكەی ریال مەدرید لە دوای یارییەكەیان بەرامبەر ساڵزبێرگ لە بەرسیڤێكی كوردستان24 رایگەیاند تەواو ماوەی گونجاندنی ئەو لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، دەشڵێت: ئێستا کاتی ئەوەیە هیچ بیانووییەكم نەبێت و باشترین ئاست پێشكەش بكەم، هەرچەندە فێربوونی زمانی ئیسپانیا قورسترین گرفتی دەستپێكی منە لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام ئەوەش ناكەمە بیانوو.
ئارنۆڵد كە ئەم هاوینە لە لیڤەرپوولەوە روویكردە ریال مەدرید ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات لەنێو مەدرید و ژووری جلگۆڕینی یانەكە هەستێكی ئێجگار خۆشیان بۆ دروست كردووە و دەڵێت: هەمووان وایان لێکردووم هەست بە ماڵەوە بکەم، شتەکان لە ئێستاوە بە باشی دەڕۆن، سروشتی من ئاوهایە تا لە دەرەوەی یاریگا لەگەڵ یاریزانەکان خۆم بگونجێنم زیاتر رێگام بۆ خۆش دەكات بۆ ئەوەی لەنێو یاریگە ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەم.
لەبارەی ڤینسیۆس جۆنیۆر، ئارنۆڵد دەڵێت: پێشتر كاتێك ركابەری ئەو بووم زۆرململانێم لەگەڵ ڤینی هەبوو، ئەوەی ئەو كات ڤینی بەسەر منی دادەهێنا ئێستا بەسەر كەسانی دیكەدا دێت.
ئارنۆڵد لە وەڵامێكی دیكەی رۆژنامەنووساندا لەبارەی ئالۆنسۆ گوتی: بەراستی سەرسامم بە ئالۆنسۆ، كاتێك دەگاتە شوێنی مەشقەكان هەست دەكەیت ئەو راهێنەرە كوالیتییەكی گەورەی هەیە، هەموومان ئەو هەستەمان هەیە ئالۆنسۆ جلوبەرگی ریال مەدرید بپۆشێت دەتوانێت هاوشێوەی ئێمە یاریی بكات، چونكە هێشتا لە كاتی مەشقەكان ئەو ئاستەبەرزەی لێ دەبینین كە پێشتر وەكو یاریزان هەیبووە.
رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو كە دەكاتە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە قۆناغی 16ـی مۆندیالی یانەكان لە یاریگەی هارد رۆك لە مەیامی، ریال مەدرید و یوڤێنتۆس رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە. لە یارییەكی دیكەیشدا مانچێستەر سیتی و هیلال بەیەك دەگەن. فلامینگۆی بەرازیلیش رووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە، پاریس سانجێرمان و ئینتەر مەیامیش لە یارییەكی سەرنجراكێش بەیەك دەگەن.