بانکی ناوەندی: هاوردەی عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیار دۆلار بووە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، هاوردەی عێراق بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2025 زیاتر لە 21 ملیار دۆلار بووە.
شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، بانکی ناوەندیی عێراق لە ئامارێکدا ڕایگەیاند "هاوردەی عێراق بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، 21 ملیار و 363 ملیۆن دۆلار بووە." ئاماژەی بەوەش کردووە "هاوردەکە هەردوو کەرتی حکوومەتی و تایبەتی لەخۆ گرتووە."
ڕوونیش کراوەتەوە "هاوردەی کەرتی حکوومەتی یەک ملیار و 377 ملیۆن دۆلار بووە، هاوردەی کەرتی تایبەت 19.985 ملیار دۆلار بووە."
بانکی ناوەندیی ئەوەشی ڕاگەیاندووە "هاوردەکردنەکانی حکوومەت هاوردەکردنی بەکاربەر، هاوردەکردنی سەرمایە، هاوردەکردنی بەرهەمی نەوت، هاوردەکردنی دیکەی حکوومەت و چاپکردنی دراو لەخۆ دەگرێت"، لەکاتێکدا "هاوردەکردنی کەرتی تایبەت هاوردەکردنی بەکاربەر و هاوردەکردنی سەرمایەی لەخۆگرتووە."